
ولات نێت - پێنوسەکان...
ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی حکومەتی تورکیا و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەنەخشەیەکی سیاسیی پڕ لەفڕوفێڵدا، توانیان، نەوشیروان مستەفا، وەك کەسایەتییەکی خاوەن پێگەی جەماوەری و سیاسی، لەناو هەژموونی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکدا، دژ بەپارتی و لەبن هەنگڵی هەیمەنەی ئێراندا، هەڵبەخەڵەتێنن و لەکۆتاییدا، لەپەلوپۆشی بخەن.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بەردەستی پێنوسەکان کەوتووە، حکومەتی تورکیا، بەسەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، پێشتر و لەپێش درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی مەسعود بارزانیدا، بە سەرۆکایەتیی پارتیی ڕاگەیاندووە" تەواوی هەوڵەکانتان بخەنەگەڕ، بۆ درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی و دووای ئەوەش، نەوشیروان مستەفا، لەخۆتان نزیك بکەنەوە".
بەپێی زانیارییەکان، درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی، بەجێبەجێکردنی پرۆژەی بۆڕيییەنەوتییەکەی هەرێمی کوردستان، بۆ تورکیاوە بەسترابوو و پاش ئەوەی ماوەی سەرۆکایەتییەکە، درێژ کرایەوە، حکومەتی تورکیا، ڕاستەوخۆ، سەرپەرشتیی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفای کردووە.
لەپاش ئەوە تورکیا، بەڵێنی بە نەوشیروان مستەفا داوە کە پشتگوێ ناخرێن و مەسعود بارزانیش، بەڵێنی ئەوەی داوە، کە هیچ هەنگاوێك، بەبێ زانیاری و پرسوڕای ئەو، هەڵناهێنێت، تەنانەت، زۆرێك لە کارەکانی ئاشتی هەورامیی سەبارەت بەنەوتی، خستە بەردەست و نەوشیروان مستەفاش، ڕازی بووە بەوەی ( ڕێککەوتنی شەرەف) لەگەڵ مەسعودبارزانیدا، ئیمزا بکات.
حکومەتی تورکیا، داوای لە مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفا کردووە، هەوڵ بۆ سەربەخۆیی کوردستان بدەن. بەڵام، پێویستە سنووری هەرێمە سەربەخۆکە، لەناو چووارچێوەی هەرسێ پارێزگای ( سلێمانی-- هەولێر -- دهۆك) دا بێت و پاش ڕاگۆڕینەوە و یەکتربینینی دووجاریش، لەگەڵ نوێنەری ئەردۆگان و بەرپرسی هەواڵگریی میت لە هەرێمی کوردستان و کونسوڵی تورکیا، لەهەولێر، گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی تەواو کە پارێزگای کەرکوك بکەن بەهەرێمێکی سەربەخۆ.
نەخشە و پلانەکانی تورکیا، بۆ جێبەجێکردنی نەخشەکە، بەهاوکاریی ئەمریکا و ئیسرائیل و قەتەر و عەرەبستانی سعودی، هێنانی داعشی لێکەوتۆتەوە و لەو کاتەشدا، نەوتی هەرێم، بەپاپۆڕێك، لەڕێگای دەریای ناوەڕاستەوە بۆ فرۆشتن بەبازاڕەکانی جیهان نێردرابوو و عێراقی بەتەواوی سەرقاڵ کردبوو.
پاش پرۆسەی داگیرکردنی موسڵ و تکریت و بەشێك لە ناوچەکانی پارێزگای کەرکوك لەلایەن داعشەوە و ڕزگارکردنی زۆربەی ناوچە کوردستانییەکان، لەلایەن هێزەکانی یەکێتییەوە، نەوشیروان مستەفا، بۆی دەرکەوت کە هەڵخەڵەتێندراوە. بەڵام، تازە کار لەکار ترازابوو و نەیدەتوانی بگەڕێتەوە بۆ دوواوە. چونکە، نەتوانییان هەرێمی ( هەولێر) بکەن بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ و نە توانیشیان، ( کەرکوك) لەعێراق داببڕن.
لەئێستادا، کە حکومەتی عێراق، دروست دەبێت، بزوتنەوەی گۆڕانیش، وەك لایەنێکی کوردی، لەناو هاوپەیمانیی کوردستاندا، ئیستیحقاقاتی خۆی بەردەکەوێت و لەناو حکومەتی هەرێمیشدا، کۆمەڵێك پۆستی تەشریعی و تەنفیزیی وەرگرتووە، بەتەواوی لەپەلوپۆی خستووە و ناتوانێت، نوێنەرایەتیی دەنگە ناڕازییەکان و خواستەکانی خەڵك بکات. بۆیە، سەرکردایەتیی بزوتنەوەکە و بەشێکی زۆریش لەجەماوەرەکەی، بۆیان دەرکەوتووە کە نەوشیروان مستەفا، هەڵخەڵەتێنراوە و ئەمەش، کێشەیەکی زۆری بۆ دروست کردوون و پێدەچێت، لەئایندەیەکی نزیکدا، کۆمەڵێك کادری بنچینەیی و دیاری نێو ڕیزەکانی، دەنگی ناڕەزایەتی دژ بە نەوشیروان مستەفا بەرز بکەنەوە و نزیکیشە لەکەرت بوونیان.