
+ من تێناگەم نازانم بۆچی لەو هەموو وەزارەتی خوایەدا هاتوون وەزارەتی (داد)یان داوە بەموهەندیسێك.
- ئەزانی تۆ زۆر یەغنیشیت رۆڵە؟!.. ئەوە حیكمەتی تیایە حیكمەت.. كە وەزیرەكە موهەندیس بو ئیتر كەس ناوێرێ بەسانتیمەتریش لەقانون لابدات. یەكسەر بانگی ئەكا ئەڵێ وەرە كاكی خۆم تۆ دوێنێ عەسر لای وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە بەگۆشەی (31) پلە بەئیتیجاهی باكوری خۆرئاوادا مەسافەی 9 میللیمەتر قانونت لەپێكرد.
+ ئەی ئافەرم بلیمەت. وەڵڵاهی حسابی ئەوەم نەكردبوو. باشە توخوا سوئالێكی تر.
- فەرماوە گیان.
+ تێم ناگەیەنی ئێمە وەزارەتی پیشەسازییمان بۆچییە؟
- مەلعون مولاحەزەم كردووە ماوەیەكە بەوەزارەتی پیشەسازییەوە گرتوتە. شتێكت لەژێر سەردا نەبێ؟!
+ نەبەخوا. بەس ئەوەم پێ ناخۆشە زەرەر ئەكا.
- ئینجا كەی ئەوە موشكیلەیە. با زەرەر بكا. وەزارەتی پەروەردە بەڕۆژێك هەقی هەمووی بۆ ئەكاتەوە.
+ وەزارەتی پەروەردە هەقی بۆ ئەكاتەوە؟! مەگەر بەمەكتەبە نموونەییەكانی.
- یەعنی تۆ مەكتەبی نموونەیی بەكەم ئەزانی؟! كوڕی باوكم، من باسی كۆمەڵگەیەكی پەروەردەییان بۆ كردووم رۆژی بەقەدەر هەشتا كرێكاری خەباتە پارە پەیدا ئەكا.
+ بەچی؟
- بەئیستیمارە، نەگبەت. سەد تەلەبەی ئەوێت، هەزار ئیستیمارە دابەش ئەكات، كوللی ئیستیمارەیەك بە (10) هەزار دینار.. ئیتر حسابی خۆت راگرە.
+ رایناگرم، چونكە هێشتا جلی مەكتەبم نەكڕیووە.
- ئەگ خوا بتگرێ.. بۆچی هێشتا نەتكڕیووە؟
+ چونكە مامۆستاكە وتی ئیللاو بیللا ئەبێ لەكۆمپانیای وانێك بیكڕی.
- ئەی بۆ نایكڕی؟
+ ئاخر وتی شەو بەمەسیج عینوانەكەیت بۆ ئەنێرم.