نوێترین

recent
Picsart-24-02-23-21-31-09-085

01/05/2024

لیژنەى دارایی: گفتوگۆ لەبارەى بەجێکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دەکرێت


سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتى دارایی فیدراڵى و دیوانى چاودێریی دارایی لەگفتوگۆدان بۆ یەکلاکردنەوەى پرسی بەجێکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان.

عەتوان عەتوانى، سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراقی رۆژی چوارشەممە، 01-05-2024، رایگەیاند: بڕیارى دادگەى فیدراڵى روونە لەبارەى بەجێکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، وەزارەتى دارایی بەردەوامە لە ناردنى پارە بۆ مووچە تاوەکو بەجێکردنەکە تەواو دەبێت.
 
تاوەکو ئێستا بەغدا و هەولێر ئەوەیان یەکلا نەکردووەتەوە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە رێگەى "هەژمارى من"ـەوە یان بەجێکردن لە بانکە فیدراڵییەکانەوە دەدرێت. عەتوان عەتوانى گوتى: "دەبێت ئەم پرسە یەکلا بکرێتەوە، بەردەوامی و رۆژى دیاریکراو هەبێت بۆ ناردنى مووچە".
 
بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵیى کە لە 21ـى شوبات دەریکرد، هەردوو حکومەتى فیدراڵى و هەرێمى کوردستانى پەیوەستکرد بەوەى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بەجێبکرێت و مانگانە بدرێت.
 
سەرۆکى لیژنەى دارایی باسی لەوە کرد: "لەگەڵ وەزارەتى دارایی و بانکى ناوەندى لە گفتوگۆداین بۆ چارەسەرکردنى پرسی بەجێکردنى مووچە، ئەوەى پەیوەندیدارە بە بانکە حکومییەکانەوە، دەگەڕێتەوە بۆ پەرۆشیی گەرەنتیکردنى مووچە، چونکە ئەگەر هەیە هەندێک لە بانکە ئەهلییەکان مایەپووچ بن و کێشەى داراییان بۆ دروست ببێت".
 
لەدواى بڕیارەکانى دادگەى فیدراڵى، بەغدا مووچەى مانگەکانى شوبات و ئادارى ناردووە، لیستى مووچەى مانگى نیسان-یش نێردراوە. عەتوان عەتوانى گوتى: "رەنگە کۆتایی ئەم هەفتەیە یان هەفتەى داهاتوو مووچە بۆ هەرێمى کوردستان بنێردرێت".
Picsart-24-02-23-21-31-09-085