نوێترین

recent
Picsart-24-02-23-21-31-09-085

01/05/2024

پارتی : هەڵبژاردن دواش بخرێت هەر بەژداری ناکەین



دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان یەكلابووەتەوە

نێچیرڤان بارزانی بەلایەنە عێراقیەكانی راگەیاندووە بڕیاری بایكۆتكردنی پارتی بڕیاری كۆتاییە

دواخستنی هەڵبژاردن مانای ئەوە نیە پارتی لە وادەیەكی تردا بەشداری هەلبژاردن دەكات

پارتی بەرمەرجی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بەشداری هەڵبژاردن دەكات

"گەڕانەوەی كورسی كۆتاكان و هەڵوەشاندنەوەی فرە بازنەیی"


سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغداد, گرێكوێرەی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان كردووەتەوەو, توانیویەتی قەناعەت بە زۆرینەی لایەنە عێراقییەكان بهێنێت, دواخستنی هەڵبژاردن لەم كاتەدا, رێگە لەسەرهەڵدانی قەیرانێكی نوێ‌ دەگرێت لە هەرێمی كوردستان و عێراق.

سەرچاوەیەكی دیار لە چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاندووە: بارزانی بەسەركردە سیاسی و حكومیەكانی عێراقی راگەیاندووە, بڕیاری بەشدارینەكردنیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان, بڕیاری كۆتاییەو لێی پاشگەزنابنەوە.

سەرچاوەكە, كە قسەی بۆ رۆژنامەی (العربي الجدید)كردووە, وتویەتی: بارزانی بەوهۆیەوە توانیویەتی رەزامەندی بەشێكی زۆری لایەنەكانی بەغداد بەدەستبهێنێت, بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ وادەیەكی نوێ‌, تا لێكگەیشتنی سیاسی دەكرێت لەبارەی یاسای هەڵبژاردن, كە دادگای فیدراڵی گۆڕانكاری تیادا كردووەو بووەتە هۆی دروستبونی كێشە. 

محەمەد شیاع سودانی و هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی و لایەنە سوننیەكان, بە بارزانیان راگەیاندووە, لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن نین بەبێ‌ بەشداریكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان, بەوپێیەی لەبری سەقامگیری سیاسی و ئەمنیی, ئەنجامی نەرێنی دەبێت لەسەر دۆخەكە.

ئەوە لەكاتێكدایە, یەكێتی نیشتمانی كوردستان, ئەو لێكگەیشتنە نوێیەی پارتی دیموكراتی كوردستان و هێزو لایەنە عێراقیەكان, لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی, رەتكردووەتەوە.  

رێبین سەلام, بەرپرسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەوبارەیەوە دەڵێت: لایەنە سیاسیەكانی بەغدادو تەنها هێزە دەرەكیەكانیش, دەزانن قورسە هەڵبژاردن بەبێ‌ بەشداری پارتی بەڕێوەبچێت, بۆیە لەكۆتایدا بیرۆكەی دواخستنی هەڵبژاردن سەركەوتنی بەدەستهێنا.

دۆسیەی دواخستنی هەڵبژاردن یەكلابووەتەوەو, پشتیوانی سیاسی ناوخۆیی و درەكی هەیە, تەنانەت نەتەوەیەكگرتوەكانیش ئاماژەی ئەوەی ناردووە, كە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن نیە, بەبێ‌ بەشداری پارتی.

وادەی نوێی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان, رەنگە بكەوێتە كۆتایی ئەمساڵەوە, دواخستنیشی مانای ئەوە ناگەیەنێت پارتی بەشداری هەڵبژاردن دەكات, بەڵكو دەبێت رێككەوتن بكرێت, لەسەر پاشگەزبونەوەی دادگای فیدراڵی لە بڕیاڕی هەڵوەشاندنەوەی كۆتای كەمینەكان و دابەشكردنی هەرێم بۆ چەند بازنەیەك.

پارتی بەشداری هەڵبژاردن ناكات بەبێ‌ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانە, كە بریاڕی سیاسی روونن و, پێشێلكردنی دەستورو بازدانە بەسەر دامەزراوە دەستوریەكانی هەرێمی كوردستاندا.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085