له ڕۆژی یه‌كی ئایاره‌وه، پاره‌دان به شێوه‌ی كاش له فه‌رمانگه و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی باری شارستانی و پاسپۆرت و نشینگه ڕاده‌گیرێت و ده‌بێت هاوڵاتییان بۆ ڕاییكردنی مامه‌ڵه‌كانیان به شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی پاره بده‌ن.
به‌پێی بڕیاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی باری شارستانی و پاسپۆرت و نشینگه‌ی سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق، ڕاگرتنی پاره‌دانی كاش به شێوه‌ی ته‌واوه‌تییه و چیتر ڕسوماتی مامه‌ڵه‌ی ده‌رهێنان و نوێكردنه‌وه‌ی كارتی نیشتمانی، كارتی زانیاری و پاسپۆرت به شێوه‌ی كاش له هاوڵاتییان وه‌رناگیرێت.
له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 29ـی نیسانی 2024 بڵاویكرده‌وه، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی باری شارستانی و پاسپۆرت و نشینگه‌ی سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ده‌ڵێت، "كاركردن ته‌نها به سیستمی پاره‌دانی ئه‌لیكترۆنی (pos) ده‌بێت و پاره‌دانی كاش به ته‌واوه‌تی ڕاده‌گیرێت".
جه‌ختیشده‌كاته‌وه، "له ڕۆژی یه‌كی ئایاره‌وه كار به‌م بڕیاره ده‌كرێت و سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌كانی سه‌ر به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی باری شارستانی و پاسپۆرت و نشینگه، ئامێری پاره‌دانی ئه‌لیكترۆنییان تیادا به‌رده‌سته".