ئایا ئەمەریکا خیانەتی لە کورد یا رۆژئاڤا کرد؟
�بەرێز جەمیل بایک وەڵامی ئەو پرسیارە گرنگە دەداتەوە:
هاوپەیمانیی تاکتیکیی ڕۆژئاڤا لەگەڵ ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان لە ناوەڕاستی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا دەستی پێکرد. داعش هێرشی کردە سەر کوردانی ئێزدی لە شەنگال. گەریلاکانی هەپەگە – یەژا ستار و یەپەگە – یەپەژە ئێزدییەکانیان لە قڕکردن ڕزگار کرد. پاشان، داعش لە بری دیمەشق و حەلەب، ڕووی لە کۆبانێ کرد و هێرشی کردە سەر کورد. داعش هێرشی کردە سەر مرۆڤایەتی و لە هەموو شوێنێکی جیهان کۆمەڵکوژیی ئەنجامدا. لە کەشێکی وادا، هاوپەیمانییەکی تاکتیکی لە نێوان بەرخۆدان لە دژی داعش و ئەو هێزانەی کە هاوپەیمانیی دژ بە داعشیان پێکهێنا، دروست بوو. ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان بە بەرژەوەندیی خۆیان دەیانزانی کە سوود لە فیداکاریی کورد لە دژی داعش وەربگرن. ئەم پەیوەندییە تاکتیکییە هاوشێوەی پەیوەندیی تاکتیکیی جەنگی جیهانیی دووەمی نێوان سۆڤیەت و هێزە دیموکراسییەکان و هێزە سەرمایەدارییە مۆدێرنیستەکانی ڕۆژئاوایە لە دژی فاشیزم.
پەیوەندیی ستراتیژی بە شێوەیەکی سەرەکی لە نێوان ئەو هێزانەدا دادەمەزرێت کە لە ڕووی ئایدیۆلۆژی و سیاسییەوە هاوشێوەن و یەک ئامانجیان هەیە. هەروەها پەیوەندیی تاکتیکی لەو کاتانەدا دادەمەزرێت کە وڵاتان لە شەڕی دوژمنێکی هاوبەشدا لە یەکترەوە نزیک دەبنەوە. شەڕی داعش خۆی ئەمەی هێنایە ئاراوە. ڕۆژئاڤا- باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریاش سوودمەند بوون لەو پەیوەندییە تاکتیکییە.
تێکۆشانی سیاسی تەنها لە ڕێگەی هاوپەیمانیی ستراتیژییەوە ناکرێت؛ لە کاتی پێویستدا هاوپەیمانیی تاکتیکیش دەکرێت. هەموو تێکۆشانێک لە لایەک لە ڕێگەی هاوپەیمانییەوە بەڕێوەدەچێت. بەبێ هاوپەیمانی تێکۆشان ناکرێت. ئەوانەی نازانن هاوپەیمانی بکەن، مێشکی سیاسی و داهێنەرییان نییە؛ خۆیان بە شکست مەحکوم دەکەن. ئەو هاوپەیمانییە تاکتیکییەی لەگەڵ ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان کرا، لە چوارچێوەی تێکۆشانی دژ بە داعشدا بوو. هەروەها پەیوەندییەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەو چوارچێوەیەدا تا ٦ـی کانوونی دووەم بەردەوام بوو. ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان خۆیان هیچ کاتێک پشتیوانیی سیاسییان بۆ ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نەکردووە.
دەزانین کە ڕۆژئاواییەکان بە ئاشکرا ئەمە دەڵێن. پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ڕۆژئاڤا کۆتایی هات، دوای ئەوەی لە کەسایەتیی هەتەشە ئامرازێکی بینی کە بتوانێت بۆ خۆی بەکاری بهێنێت. بۆیە کۆتاییهاتنی پەیوەندییەکی تاکتیکی ناتوانرێت بە خیانەت پێناسە بکرێت، بەڵام پەیوەندیی ئەمریکا لەگەڵ ڕێکخراوێکی وەها کە هێرشی کردە سەر تاوەری دوانە لە نیویۆرک و ٣ هەزار ئەمریکیی کوشت و بەو هۆیەوە بوو بە بیانووی داگیرکردنی ئەفغانستان، لە سەرووی هەموو شتێکەوە خیانەتێکە لە گەلەکەی خۆی. ئەمەش نزیکایەتییەکە کە پێچەوانەی سروشتی پەیوەندییەکی تاکتیکییە.
ئەو پەیوەندییەی ئەمریکا لەگەڵ ڕۆژئاڤا هەیبوو، نەگەیشتووەتە پەیوەندی و هاوپەیمانییەکی ستراتیژی کە بتوانرێت ناوی بنێین خیانەت، بەڵام ئەم جۆرە پشتگیرییە بۆ هەتەشە و بەرەوپێشبردنی سیاسیی، لە ڕوانگەی بەها مرۆیی و ئەخلاقییەکانەوە سیاسەتێکی گڵاوە. بۆیە سیاسەتێکی وەهایە کە دەبێت ئاشکرا بکرێت. لە ئەمریکا و فەڕەنسا، ڕۆشنبیران، کۆمەڵگە و سیاسەتمەداران بەرانبەر حکومەتەکانیان وەستاونەتەوە و میدیاکان ئەم سیاسەتەیان ئاشکرا کردووە.
بێگومان بەڕێوەبەریی ڕۆژئاڤا بە مامەڵە و سیاسەتی ئەمریکای زانیبوو. بەڵام لەبەرئەوەی گەل و هەندێک لایەن کە بە باشی لە پەیوەندیی تاکتیکی تێنەگەیشتبوون و مانایەکی گەورەیان پێ دەبەخشی، لەوانەیە خەیاڵی ئەوانی شکاندبێت، یاخود وەک شکستێکی هیوا بینرابێت. لەم مژارەدا لە ڕووی پەروەردەکردنی باشی گەلەوە دەشێت ڕەخنە لە بەڕێوەبەریی ڕۆژئاڤا بگیرێت. تێکۆشانێک ئەگەر بە گوێرەی هێز و پەیوەندییە ستراتیژییەکان پەیڕەو بکرێت، بە شێوەیەکی ڕاستەقینە سەرکەوتوو دەبێت. پەیوەندییە تاکتیکییەکان کاتێک لە چوارچێوەی پەیوەندییە ستراتیژییەکان و هێزی خۆیاندا هەڵبسەنگێنرێن و لەسەر بنەمای بەهێزکردنیان ببینرێن، کاریگەرییان لەسەر سەرکەوتن دەبێت. دانانی پەیوەندیی ستراتیژی هەڵە نییە. پەیوەندیی تاکتیکی بۆ سەرکەوتنی تێکۆشان لە جێی خۆیەتی و پەیوەندیگەلێکن کە لە کاتی پێویستدا دەشێت بەکاربهێنرێن.
مامەڵەی جیهانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا لەگەڵ ڕۆژئاڤا بەستراوەتەوە بە بەرژەوەندییەکانییەوە سەبارەت بە سیاسەتی گشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەوان سیاسەتی خۆیان تەنها بە پشتبەستن بە پەیوەندییەکی لۆکاڵی پەیڕەو ناکەن. ئەوان سیاسەتێکی گشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان هەیە و ڕۆژئاڤاش لەو چوارچێوەیەدا هەڵدەسەنگێنن؛ وەک چۆن واشیان کردووە. ئەوان بەڕێوەبەرانی خاوەن ئیرادە و دیموکراتیکیان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوێت، بەڵکو ئەو هێزانە هەڵدەبژێرن کە نۆکەرن و خزمەتی هەژموونیی ئەوان دەکەن. تۆم باراک گوتی، دیموکراسی نا، بەڵکو پاشایەتی بۆ ڕاستیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گونجاوە. کاتێک ئەمەی گوت، لە وڵاتێک بوو کرد کە سیستەمی پاشایەتیە.
ئامادەكردنی: ئسماعیل حەمە
