نوێترین

recent

12/02/2026

ڕاگەیەندراوێکی بەپەلە بۆ ڕای گشتی: کاتێك ڕێگری لە چاکە دەکرێت و شکستی کارگێڕی دەشاردرێتەوە.










ڕاگەیەندراوێK بۆ ڕای گشتی: کاتێک ڕێگری لە چاکە دەکرێت و شکستی کارگێڕی دەشاردرێتەوە
خەڵکی بەشەرەف و دڵسۆزی کەلار و دەوروبەری..
کەس و کاری ئازیزی منداڵانی ئۆتیزم..
ساڵێک لەمەوبەر، بە ئومێدێکی گەورەوە و لەسەر ئەرکی تایبەتی خۆم، هەنگاوی جدیمان نا بۆ کردنەوەی سەنتەرێکی خێرخوازیی بێبەرامبەر بۆ ڕاهێنانی منداڵانی ئۆتیزم لە کەلار. ئامانجمان تەنها خزمەتکردنی ئەو منداڵە هەژار و کەمدەرامەتانە بوو کە لە ژێر باری گرانیی سەنتەرە ئەهلییەکاندا دەناڵێنن.
بەداخەوە، لە بری ئەوەی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و بەڕێز (کوێستان محەمەد) بە چەپکە گوڵ و ئاسانکارییەوە پێشوازی لەم پڕۆژە مرۆییە بکەن، بوونە بەربەستێکی گەورە لەبەردەمماندا. بە پاساوی "نەبوونی مۆڵەت" ڕێگرییان لێکردم، لە کاتێکدا پێشتر خۆیان پێیان ڕاگەیاندبووم کە وەک ناوەندێکی خێرخوازی پێویستمان بە مۆڵەت نییە!
ئەو ڕاستییە تاڵەی کە دەبێت هەمووان بیزانن:
ئەو ڕێگرییانە تەنها بۆ بەرژەوەندیی سەنتەرە ئەهلییەکان بوو، تاوەکو بازاڕی ئەوان گەرم بێت و خێزانەکان ناچار بن پارەیەکی زۆر بدەن بەبێ ئەوەی سوودێکی ئەوتۆ ببینن. دوای ئەوەی ڕێگرییان لە من کرد، وەزارەت بە شێوەیەکی نادادی دەستی بەسەر پڕۆژەکەدا گرت، بەڵام دەرەنجامەکەی تەنها شکست بوو:
• سەرکەوتنی ئەزموونی ئێمە: لە ئێستادا ناوەندی (پەپولەکانی کوردستان) لە سلێمانی لەسەر ئەرکی تایبەتی خۆم بە باشترین شێوە بەڕێوەدەچێت و نموونەی سەرکەوتووییە، بەڵام وەزیر ڕێگەی نەدا هەمان خزمەت بگاتە کەلار.
• شکست لە بەڕێوەبردن و بایکۆت: ئێستا ئەو ناوەندەی وەزارەت دەستی بەسەردا گرتووە، نە دەتوانێت مووچەی کارمەندانی بدات و نە هاوکاری دەکرێن؛ کارمەندان بە خۆبەخش کاردەکەن و ناچارکراون پەنا ببەنە بەر بایکۆت، کە ئەمەش کاریگەری نەرێنی قووڵی لەسەر ئاستی فێربوون و دەروونی منداڵەکان داناوە.
• پەکخستنی هاوکارییەکان: ئێوە پڕۆژەیەکی ئامادەتان لە دەستی ئێمە دەرهێنا و کردتانە قوربانیی بیرۆکراسییەکی شکستخواردوو.
لێرەوە ڕوو دەکەینە وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی:
مێژوو تۆماری دەکات کە ئێوە پڕۆژەیەکی مرۆیی بێبەرامبەرتان لە خەڵکی هەژاری کەلار سەندەوە و کردتانە قوربانیی بەرژەوەندیی تایبەت. خزمەتکردن بە دروشم و وێنەی بریقەدار نابێت؛ شکستی ئێستای سەنتەرەکەی کەلار و بێنازکردنی منداڵەکانی، گەورەترین بەڵگەیە لەسەر نادادی و بێباکی ئێوە بەرامبەر بەم شارە.
بەرژەوەندیی منداڵانی ئۆتیزم لای من هێڵی سوورە و لە ئاست ئەم نادادییە بێدەنگ نابم.
ئامانج جەمال.
12/02/2026








Picsart-24-02-23-21-31-09-085