ئەگەر پارتی جارێک دەستی لە بن سەری یەکێتی بێت!
رێبوار کەریم وەلی
ئەوە سێیەمجارە کە پارتی، لە دوای وەفاتی تاڵەبانی، لە مەسەلەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا، تەشقەڵە بە یەکێتی دەکات. خاوەنی ئەو قسەیەی کە جاران دەیگوت، پۆستی سەرۆککۆمار پشکی کوردە و لە ناو کوردیش هی مام جەلالە، ئێستا شتێکی دیکە دەڵێ!
*
تا ئەو رۆژەی کورسییەکەی بارزانی لە کوردستان بە کورسیی تاڵەبانی لە بەغداوە گرێ درابوو، بارزانی شەڕی حەوت دەوڵەتی بۆ تاڵەبانی دەکرد. نەوەکا تاڵەبانی بێتەوە کوردستان و داوای کورسییەکەی بکات.
کە تاڵەبانی نەما ئیتر بۆ ئەوەی یەکێتی هەناسەی لەبەردا نەمێنێ، چاوی بڕییە ئەو پۆستە و سێ جار فوئادی کاندید، (کە ئاوا بڕوات بە پلەی دکتۆرا لە کاندید کردندا خانەنشین دەکرێ) ناردە گۆڕەپانەوە.
*
ئەوەی ئەمڕۆ بارزانی باسی دەکات کە کاندیدی سەرۆککۆمار لە بەناو پەرلەمانی هەولێر یان فراکسیۆنە کوردییەکانی بەغدا یەکلا ببێتەوە، ئەو کاتە سەریدەگرت، کە لە دەستوری عێراقدا، ئەو پۆستە بۆ کورد یەکلا کرابایەوە، نەک بە شێوەی عورفی بۆ کورد و لە ناو کوردیش بۆ یەکێتی!
*
پارتییەک کە رۆژانێک جاڕی دوو دراوسێی باشی لەگەڵ بەغدادا دەدا، ئێستا مەسەلەی سەرۆککۆمار وەک خاڵی لاوازی یەکێتی تەماشا دەکات نەک دەستکەوتێکی ستراتیژی بۆ کورد. هەر لەو پێناوەشدا، باوک و کوڕ دەستبەجێ موبارەکەی کاندیدکردنی مالیکی یان کرد. بەو هیوایەی کە بەڕە لە ژێر پێی ئیئتیلافی ناوخۆیی یەکێتی و نون نون دەربێنن، کەچی دوای تویتەکەی ترەمپ فززەیان لێوە نەهات و نەیانگوت کە بەردەوام دەبن لە پشتگیریی مالیکی یان نا؟
*
نازانم ستراتیژیستەکانی بارەگای بارزانی! چۆن بیر دەکەنەوە؟ بەڵام دوو شت زۆر روونە. یەکەمیان ئەوەیە کە ئەگەر پارتی بیەوێ بێ رێککەوتن بچێتە کێبەرکێ لەگەڵ کاندیدی یەکێتیدا، سەرکەوتوو نابێ، وەک چۆن کاندیدی یەکەمی پارتییان بۆ جێگری دووەی سەرۆکی پەرلەمان ناردەوە ماڵێ، ئەمجارەش فوئادی کاندید خەسار دەکەن.
دووەم: گریمان فوئادی کاندید بە شێوەیەکی موعجیزە ئاسا دەرچوو و بووە سەرۆکی عێراق، ئێ دوای ئەوە؟
*
هەموو ئەوە دەزانن کە شینی پارتی بۆ هەریسەکەیە نەک(حوسێن). جا کە پارتی بە حیسابی خۆی لە بەغدا بیەوێ پشتی یەکێتی بشکێنێ، ئەدی لە هەولێر چۆن حکومەت پێک دێنێ؟ تا یەکێتی و نون نون نەیەنە پێشەوە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵنابژێردرێ، کە ئەوەش نەبێ، سەرۆکی هەرێم هەڵنابژێردرێ، کە ئەویش نەبێ کەس نابێ مەسرور کاندید بکات بۆ پێکهێنانی حکومەت.
*
کەواتا ئەگەر پارتی جارێک دەستی لە بن سەری یەکێتی بێ، ئەوا یەکێتی سێجار دەستی لە بن سەری پارتییە.
