نوێترین

recent

10/11/2025

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وەڵامی فازڵ میرانی دەداتەوە.


 






دەقی پەیامەکەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد:

پەیامێک بۆ فازل مەتنی

جارێ یەکەم ناماقوڵیت کرد و نەک هەر تەنیا شەکرت شکاند بەڵکو قەندی کەرەجیشت شکاند!!

ئەگەر ئەتەوێت لاپەرەکانی خیانەت هەڵبدرێنەوە کێشە نیە باهەڵی بدەینەوە، بەڵام پێویستە پێشەکی بزانین لە فەرهەنگی ئێوەدا خیانەت و جاشایەتی و خۆفرۆشی بە واتای چی دێت و لای ئێمەی کوردیش بەچی ؟

تۆ باسی شەستەکانت کرد بەڵام من پێم باشە بگەڕێنەوە بۆ چلەکان و بەتایبەتی بۆ سەردەمی کۆماری مەهاباد، ئەرێ ئەوە باوکی من بوو کە پشتی کردە پێشەوا و لەچاوتروکانێکا بە جۆگەلەی ئاراسا پەریەوە و بەجێیهێشت ؟؟ ئەرێ ئەوە باوکی ئێوە بوو کە باوکی منی لە رووسیاوە دووبارە گەڕاندەوە عیراق و کردیە ئەوەی کە بوو و پاشان خیانەتی لێکرد یا باوکی من بوو؟

ئەوە باوکی من بوو لە سەرەتای شەستەکانا تەیارەی باجرو سۆخۆی و دەبابەی حکومەتی عیراقی ناردە سەر لادێ و ژن و مناڵی ئێوە لە کانی حسێنی؟؟ ئەی ئەوە باوکم بوو کە ئاگری بەردایە ماڵە گڵییەکەتان و کتێب و یادگاریەکانی مناڵی رابووردووتانی سوتاند ؟ ئەرێ ئەوە باوکی من بوو یا باوکی ئێوە بوو کە بە شانازیەوە گووتی من قەیتانی پێلاوەکانی عەبدوالکریمم ؟ ئەرێ ئەوە باوکی من بوو یا باوکی ئێوە بوو کە پەیماننامەی ئازاری لە پشتەوە بە دەرهێنانی کەرکوک لە

موعادەلەیەکا واژوو کرد بە بێ گوێدانە گرنگی و ماندووبوونی ئەوانەی کە کەرکوکیان بە گرنگترین خاڵی ئەو پەیماننامەیە دانابوو ؟ ئەری ئەوە ئێوە بوون یا باوکی من بوو کە ئاشبەتاڵی کرد و چەمایەوە و دەستی شای ئێرانی ماچ کرد ؟ باوکی من تەرمی سلێمانی موعینی و برادەرانی دایەوە ئیران ؟ ئەرێ ئەوە باوکی من نەبوو کە لە مەلا مستەفا پاڕایەوە و ووتی کاک عەلی عەسکەری ودکتۆر خالید و شێخ حسین ئازار مەدە با ناکۆکییەکان قووڵتر نەبنەوە ؟ باوکم تاوانی هەکاری ئەنجامدا ؟

ئەرێ ئەوە باوکی من بوو یا ئێوە بوون کە دەبابەی سەدامتان هێنایە ناو هەولێری پایتەختەوە و پەرلەمانی بەخوێن دەستکەوتووی گەلەکەمانتان داگیر کرد ؟؟ ئەرێ ئەوە باوکی من بوو یا ئێوە بوون کە زیاتر لە نەوەد ئەفسەری ئەندامی ئای ئێن سی و ئوپۆزسیۆنی عیراقی کە لە هەولێرەکەمانا پەنابەر بوون رادەستی سەدامی کردن و لە سێدارەی دان ؟ ئەرێ ئەوە ئێمە بووین یا ئێوەبوون کە لە بەرەبەیانا شەنگالتان رادەستی داعش کرد و رێگەتان دا لە بازارەکانی رەقەدا کڕین و فرۆشتن بە کێژۆڵە نازدارەکانمانەوە بکرێت؟ ئەرێ باوکی من نەوتی هەرێمی تاڵان فرۆش کرد ؟ ئەرێ ئەوە باوکی من بوو یا ئێوە بوون کە بە ریفراندۆمێکی بێ سەروبەر لەسەدا پەنجا و یەکی خاکی کوردستانتان بە کەرکوکیشەوە لەدەستدا ؟ ئەرێ ئەوە ئێوە نین کە شاری ئازیزی قەڵا و منارەتان کردوەتە شانۆیەک بۆ سەماکەرو کچە مۆدێل و ئاست نزمەکانی ئەملاو و ئەولا؟ پێ ئەچێت کە تێکەڵاویتان لەگەڵ دەرودراوسێکاندا کاریگەری لەسەر زمانتان دروست کردبێت !! چونکە بافڵ باسی سەردەمێکی کرد کە هەمووان شاهێدین و تێیدا ئەژین کەچی تۆ باسی هەڵتەکاندنی قەبری مردوو ئەکەیت .. !!

ئەگەر چی ئێمە وا پەروەردە نەکراوین کە بێرێزی بەرامبەر بە مردوو بکەین بەس توو زۆر زیاد رۆیشتیت و کارێکی واتکرد کە پڕیشکی هەڵتەکاندنی قەبرێک، قەبرەکانی خوشتان هەڵتەکێنێت ..!! گەر پێویستت بە بەڵگەش هەیە دەتوانم نامەکانی خوالێخۆشبووان پێشەوا قازی محمد و مەلا مستەفا و ئیدریس بارزانی و تۆمارە دەنگیەکانی نێوان باوکم و خودی کاک مسعودی کاتی شەڕی ناوخۆ و بەڵگە نامەکانی ئەحمەد چەلەبیت بۆ بڵاو بکەمەوە؟

خۆ کە ئێمە بێدەنگین مانای ئەوە نیە کە زمانمان قرتاوە و پەنجەکانمان هەڵوەریون.. ئێمە هەست بە بەرپرسیارێتی ئەکەین بەرامبەر بە ژیانی هاووڵاتیانمان و ڕاگرتنی ئاشتی و تەبایی و ئارامی و سەقامگیری هەرێمەکەمان.

بابەت زۆرن کە لێرەدا جێی نابێتەوە و ئەمەوێت بگەرێمەوە سەر بەیانەکەی کە لە یانزەی ئازاردا بڵاوتان کردەوە، ئەگەر ووردەکارییەکانی ناو پەیماننامەکەشم لەیاد کردبێت هەرگیز لافیتەکانم لەیاد نەکردوە کە بە خەتی خۆم نوسیم و بەدیوارەکانی بەغدایا بۆمان هەڵواسین گەر بیرت چووە بابیهێنمەوە بیرت کە چی لەسەر نوسرابوو (یا من تعب یا من شگە یا من علە الحاضر لگە )..

بەداخەوە ئێوە هەر وابوونە و هەموو شتێکتان بۆ لواوە بۆیە باکتان نە بە مردوو و نە بە زیندووش نیە…. وا ئەزانن بۆ بەدەست هێنانی کورسییەک ئەتوانن دەستی چەوری خۆتان بە سەرە بەرزەکان بسڕن.

Picsart-24-02-23-21-31-09-085