
بەڕێز سەرۆک وەزیرانی عێراق
محمد شياع سوداني
سڵاوی خواتان لەسەر بێت
وەک نوێنەرێکی خەڵکی کوردستان ئەمە دوا نوسراومە بۆ بەڕێزتان، نە خۆم کاندید کردۆتەوە تاکو لەنزیکی هەڵبژاردن دا بە موزایەدەی تێ بگەن نە لەم سێ ساڵەی تەمەنی حکومەتەکەی بەڕێزتان داوایەکی کەسیم لێتان هەبووە.
ئەمڕۆ کە ١/٩/٢٠٢٥ فەرمانبەران و خانەنشینان و کەم ئەندامانی هەرێمی کوردستان موچەی مانگی حوزەیرانیان بۆ نێردراوە هێشتا دابەش نەکراوە بەسەریاندا، دەزانین کە لەکابینەکەی بەڕێزتان زۆرترین پارەی موچە بۆ هەرێم هاتووە، کێشەکان بۆ ئێوە ماوەتەوە بەچارەسەر نەکراوی، هەرێم نەوت دەفرۆشێ و داهاتی نانەوتش کۆدەکاتەوە تاکو ئێستە چەندین ڕێکەوتن کراوەو پابەندنەبوون بەڕێکەوتنەکانەوە وایکردووە هەموو مانگێک موچە دوابکەوێ و شاند بێت و بەبێ ئەنجام بڕواتەوە.
پرسیاری خەڵکی کوردستان لەبەڕێزتان ئەوەیە ئایا گوناحی ئەوان چیە کە دەوامی خۆیان دەکەن و موچەیان پێ نادرێت، بەڵام ئەوەی نەوت بەنایاسایی دەفرۆشێ و داهات ڕادەست ناکات بەپێی یاسای بوجەو بڕیاری دادگای فیدرڵی بۆچی ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەوانە ناگیرێتە بەر ؟ تەنها موچەی خەڵکی هەرێم ڕادەگیرێ و نانێردرێت!
جەنابی سەرۆک وەزیران،
هەرێمی کوردستان لەبەردەم دەستپێکی ساڵێکی نوێی خوێندنە، نەخۆشخانەکانی بێ دەرمانە، کاسبکارو خاوەن دوکان و هەموو چین و توێژەکان لەدۆخێکی دارایی خراپدان، جوتیارانمان گەنمیان تەسلیم کردووەو پارەکەیان پێ نەدراوە.
بەهۆی کێشەی دەروازە سنوریەکان و دانانی بازگەی حکومەتی عێراق خاوەن کارگەو کێڵگەی پەلەوەری ناوخۆی هەرێم نزیکن لە ئیفلاس.
١١ ساڵە لەهەرێم دامەزراندن نەکراوە بۆ دەرچوانی زانکۆو پەیمانگاکان و سێ یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکان، گرێبەستمان هەیە ٢٠ ساڵە نەکراوە بەهەمیشەیی، مامۆستای وانەبێژمان لەسەرداهاتی ناوخۆ کراوەتە گرێبەست.
بە پشتبەستن بەوانەی سەرەوە داوا لە حکومەتەکەت دەکەم ئەم کارانەی خوارەوە بکات:
1. سزادانی هەموو ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی کۆنترۆڵ و فرۆشتنی نەوت و داهاتی شیاو دەکەن.
2. ڕانەگرتنی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان، و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە هەرێمی کوردستان.
3. بڕیاردانی کۆتایی و چارەنووسساز کە خزمەت بە بەرژەوەندی گەلی کوردستان بکات و کارکردن بۆ جیاکردنەوەی پرسی مووچە لە ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان هەردوو حکومەت.
لەگەڵ ڕێزو پێزانین