هەژارەکان با نەخۆش نەکەون، دەتوانن بمرن!
لەناکاو کەسێکی خۆشەویستت تووشی ڕووداوێکی سەختی هاتوچۆ دەبێت، بەرەو نەخۆشخانەیەکی حكومی دەیڕفێنیت، دۆخی هێندە خراپە پێویستی بە چاودێری چڕ دەبێت؛ شانسێكی گەورەتان هەیە ئەگەر بریندارەکەتان تەختێکی لە ژووری چاودێری چڕ دەستبکەوێت؛ خۆ ئەگەر نەبوو لەوانەیە بە واسیتە نۆرەبڕتان بۆ بکەن، یان نەخۆشێکی تر دەربکەن و ئەوەی ئێوە بخرێتە جێگەکەی.
ئەوەش ڕوونە بەهۆی زۆری نەخۆش و ڕووداوی سەختەوە، لە بەرانبەریشدا بەهۆی زۆر کەمی تەختەکانی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانە حکومییەکان، زۆربەی هەرە زۆری نەخۆشەکان ناچارن ڕوو لە نەخۆشخانەی تایبەت بکەن، کە بۆ هەر شەوێکی مانەوە تێچوویەکی لە ڕادەبەدەری هەیە.
جا ئەگەر خاوەنی نەخۆش پارەی پێبوو، یان موڵک و ماڵی هەبوو، دەکرێت بیفرۆشێت و تێچووی نەخۆشخانە بدات، ئەگەر نەبوو؛ نەخۆشەکەتان دەتوانێت بمرێت!
ئەم سیستمە ئابورییە، پێی دەوترێت نیولیبراڵیزم!
لەناو ئەم سیستمەدا، ژیان و مەرگی مرۆڤ سەر بە ئەخلاق و ویژدان و مرۆڤبوونی مرۆڤ نییە، بەڵکو وەک هەر کاڵایەکی دیکە، لە بازاڕدا کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت و گرێدراوی دینار و گیرفانە.
نیولیبراڵیزم، یان لیبراڵی نوێ؛ سیستمێکی ئابوورییە، ئامانج لێی کۆکردنەوەی زۆرترین قازانجە، بە چاوی کاڵاوە لە کۆی ژینگە و ژیان دەڕوانێت، چاوی لە ڕەخساندنی بازاڕێکی تەواو ئازاد و دوور لە چاودێری و دەستێوەردانی حکومەتە.
لەم سیستمەدا خەرجییە گشتییەکانی دەوڵەت، وەک بیمەی تەندروستی و کۆمەڵایەتی تەواو کەمدەکرێنەوە، لە بەرانبەردا دەرفەت دەڕەخسێنرێت بۆئەوەی هەموو سێکتەرە خزمەتگوزارییەکانی پەیوەست بە ژیانی کۆمەڵگە، وەک: تەندروستی، پەروەردە، هاتوچۆ، نیشتەجێبوون، ئاو، خواردن، کارەبا، جلوبەرگ و پێداویستییەکانی پاراستنی مرۆڤ لە سەرما و گەرما، هەمووی لە حکومەت وەربگیرێنەوە و بدرێنە دەستی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت. ئەوانیش لەسەر بنەمای بەدەستهێنانی زۆرترین قازانج بە کۆمەڵگەی بفرۆشنەوە.
واتە لەناو سیستمی نیولیبراڵیزمدا تەنانەت بەشێکی زۆر لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ دەبنە کاڵا، لەجیاتی ئەوەی مرۆڤ وەک ماف لێیان بەهرەمەندببێت، ناچارە وەک کاڵا بە پارە بیانکڕێتەوە.
لە سایەی ئەم سیستمەدا، کۆمەڵگەکەمان بەگشتی دابەشبووە بەسەر دوو چیندا، چینێکی هەژار و سەروهەژار، کە ئەمانە زۆرینەن.
هەروەها چینێکی دیکەی کەمینە، بەڵام لەڕادەبەدەر دەوڵەمەند، لە سەرووی هەورەکانەوە، کە سەرمایەی بەشی هەرە زۆری ئەمانەی دوایی، لە سایەی بەیەکگەشتنی دووانەی دزی-نیولیبراڵیزم، واتە دزیی ئاسایی+دزیی یاسایی کۆیانکردووەتەوە.
چەند پەرەگرافێک، لە کتێبی #مەشخەڵی_ژیانەوە
وێنەو سەرنجێکم لە یەکەم کۆمێنت داناوە… عەبدووڵای مەلانوری،
