د. ئەمیر
حسێن
پەروەردە
پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی بە سەقامگیری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریەوە هەیە ،
لوکسێکی زانستی و مەعریفی نیە ، بەقەدەر ئەوەی مەرجێکی بونیادیە لە بەدەستهێنانی
کۆمەڵگایەکی هاوسەنگدا، ( ڤیکتۆرهۆگۆ ) لە وتەیەکدا زۆر جوان و بە چڕی ئەم
پەیوەندیە دەخاتە ڕوو کاتێک دەڵێت : ئەو کۆمەڵگایەی کەمتر لە بواری پەروەردەدا
خەرج بکات ، ناچاردەبێت زیاتر لە زیندانەکان خەرج بکات . ئەم بۆچونە پەنجەرەیەک
بەسەر تێڕوانینی فەلسەفەی کۆمەڵایەتیدا دەخاتە سەرپشت ، لە کاتێکدا نەزانی و هەژاری و تاوان لە لایەک
وڕێکخستنەوەی بژاردەکانی دەوڵەت لە دانانی ئەولەویەتەکانیدا، لە لایەکی دیکەوە بە
توندی لەگەڵ یەکتردا بەریەک دەکەون . چونکە شڕۆڤەیەکی سادەی سۆسیۆلۆژی پێمان دەڵێ
، پشتگوێخستنی پەروەردە بەتەنها تاک و کۆمەڵگە لە زانین و مەعریفە دانابڕێ ، بەڵکو
دەروازەکان بەڕووی هەژاری و بێکاری و قەیرانی جۆراوجۆری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا
دەکاتەوە ، ئەمەش ژینگەیەکی لەبارە بۆ دزی و گەندەڵی و تاوان و گرتنەبەری ڕێکاری
نا ئەخلاقی و نا ڕەوا لە پێناو مانەوەدا ، لە دۆخێکی ئاوهادا دەوڵەت ناچارە
بوجەیەکی زەبەلاح لە بنیاتنانی زیندانەکان و دامو دەزگای پۆلیس و ئاسایش و
دادگاکاندا بخاتە گەڕ، لە کاتێکدا ئەمە تەنها شاردنەوەی نیشانەکانە نەک چارەسەری
ڕیشەیی ، یان لە باشترین حاڵەتدا پرۆسەی چارەسەرە لە دەرئەنجامەکانەوە ، نەک
بنبڕکردنی هۆکارەکان . بۆیە پەروەردە وەبەرهێنانی پێشوەختەی خۆپارێزیە ، تێچوی
چارەسەری قەیرانەکان و لادانە کۆمەڵایەتیەکان زۆر کەم دەکاتەوە .
ئەگەرچی
دەسەڵاتی سیاسی زۆر جار ، بە مەرامی پاراستنی پێگەو کورسیەکەی ، بە بەرنامە کار بۆ
لە کارخستن و بێبایەخکردنی پرسی پەروەردە دەکات ، یان لانیکەم هەموو هەوڵێک دەخاتە
گەڕ ، لە پێناو بەلاڕێدابردنی پەروەردە و ئاراستەکردنی ، بە ئاقاری بەرژەوەندی
تایبەتی دەستەبژێرێکی خۆ سەپێندا . هەربۆیە هەمیشە دیکتاتۆرەکان ئەوەندەی بایەخ بە
زیندانەکان و دامودەزگا ئەمنیەکان دەدەن ،هەرگیز بایەخ بە خوێندنگاکان نادەن ، لێرەوە
ئیتر پەروەردە لە پەراوێزی ئەولەویەتەکانی دەوڵەتدا خۆی دەبینێتەوە ، دەڵێن کاتی
خۆی پاشایەک بەیاوەری وەزیری کار سەردانی باخچەیەکی منداڵان دەکات ، پاشا لە
وەزیرەکەی دەپرسێت تێچوی خواردنی منداڵێکی باخچە چەندە ؟ وەڵام چوارسەد دۆلار ،
پاشا زۆرە بیکەن بە سێ سەد ، دوایی سەردانی گرتوخانەیەک دەکەن بەهەمان شێوە
دەپرسێت ، تێچوی خواردنی مانگانەی زیندانیەک چەندە ؟ وەزیر قوربان پێنج سەد دۆلار ، پاشا کەمە بیکەن بە هەزار
دۆلار ، جەنابی وەزیر سەرسام دەبێت بەو داوایەی پاشا ، بۆیە خۆی پێناگیرێ و دەپرسێت
گەورەم بۆ ؟ پاشا دەڵێت : تۆ پێت وایە دوای تەواوبونی ماوەی حوکومڕانی یان لە کار
لادانمان دەمانبەن بۆ کوێ ؟ بۆخوێندنگەو باخچەی منداڵان یان بۆ زیندان .
ئەم
چیرۆکە لۆژیکی دەسەڵاتی ستەمکارانە دەخاتە ڕوو ، لۆژیکێک بە پێویستی دەزانێ
وەبەرهێنان لە دامودەزگاکانی پۆلیس و زیندان و سزاداندا بکات لەبری پەروەردە ،
جونکە وەک تاوانبارێک لە کۆتایدا زیندان بە چارەنوسی خۆی دەزانێ ، ئەمەش ئاماژەی قەیرانێکی
قوڵی تێگەیشتنی دەوڵەتە ، لە ئەرکەکانی بەرامبەر هاونیشتیمانیان لە سایەی دەستەبژێری
خۆسەپێنی دەسەڵاتخوازدا .
ئەگەرچی
ئەم تێگەیشتنەی هۆگۆ ، لەگەڵ تێزەکەی ( فۆکۆ) لە یەکتربڕێکدا بە توندی بەریەک
دەکەون ، چونکە فۆکۆ پێیوایە دەوڵەتی نوێ سیستەمی سزادانەکەی لەسەر میکانیزمی
کۆنتڕۆڵکردن و دیسپلینی کۆمەڵایەتی بنیات دەنێت ، لەبری ئەوەی سەرمایە گوزاری بکات
لە لادانی ئەو مەرجە بونیادیانەی تاوان بەرهەم دەهێنن ، یان بنبڕکردنی هۆکارگەلی ئەنجامدانی
تاوان . هەروەها ئەم تێزە لەگەڵ ( پیێر بۆردیۆ ) دا یەکدەگرێتەوە، سەبارەت بە بەرهەمهێنانەوەی
بەردەوامی نایەکسانی ، کاتێک جەخت لەوە دەکاتەوە فەرامۆشکردنی پەروەردە جیاوازی چینایەتی
قوڵترو درێژتر دەکاتەوە ، هەژاری دەکاتە میکانیزمێک بەردەوام خۆی دووبارە بەرهەم
دەهێنێتەوە لە نێو نەوەکاندا .
لە
کۆتایدا ئەم هاوکێشە لە فۆڕمێکی مەترسیداردا ، لە سایەی دەسەڵاتی ستەمکارانەی دەستەبژێرێکی
سیاسی ، لە هەرێمی کوردوستاندا خۆی نمایش دەکات ، ئەگەرچی چەندین ساڵە ئەم حکومەتە
بەبێ بونی بوجەی نیشتمانی ، تەنها بەپێی ئیجتیهادو دەسەڵاتی ڕەهای تاکڕەوانەی خۆی ،
بێ چاودێری و لێپرسینەوە میزانیە دابەشدەکات بەسەر سێکتەرەکاندا ، بەڵام ئاشکرایە چ
بوجەیەکی زەبەلاح ، بۆ دامودەزگاکانی پۆلیس وئاسایش و دادگا وزیندانەکان خەرج
دەکرێ ، بۆ نمونە تەنها لە سلکی دامودەزگا جۆراوجۆرەکانی پۆلیس ، لە پۆلیسی
نەهێشتنی تاوانەوە ، بۆ پۆلیسی فریاکەوتن ، پۆلیسی بەرگری شارستانی ، پۆلیسی
هاتوچۆ ، پۆلیسی ئاداب ، پۆلیسی ئاو کارەبا ، پۆلیسی ژینگەو باخچەکان ، پۆلیسی
خەستەخانەو مزگەوتەکان ، پۆلیسی نەهێشتنی زیادەڕۆیی ، پۆلیسی نەوت و غاز، پۆلیسی بازگەو سنورەکان ، پۆلیسی دارستانەکان ، پۆلیسی
زیندانەکان ، پۆلیسی مەدەنی و پۆلیسی ئاگرکوژێنەوە ، پۆلیسی نهێنی و پۆلیسی پیادەو
سوارە ، پۆلیسی پاراستنی بەرپرس و دامودەزگاکان ، پۆلیسی گەشتوگوزار، پۆلیسی
ماددەهۆشبەرەکان ، پۆلیسی چەم و ڕوبارەکان ، پۆلیسی ژنان و نەوجەوانان ، پۆلیسی
زانکۆو پەیمانگاکان و پۆلیسی بۆنەو ئاهەنگ و شانۆو سینەماو کچە مۆدێل و گوندی غەرامیات
و… تا دەگاتە پۆلیسی خەو خەیاڵ ، پۆلیسی
ڕابردو ئێستاو ئایندەو پۆلیسی مادی و مەعنەوی ، پۆلیسی ئەرزو ئاسمان و دونیاو
قیامەت . لەبەرامبەر خەرجی پەروەردەو توێژینەوەی زانستیدا ، ئەم نا هاوسەنگیە
بەتەنها بێکاری و هەژاری بڵاو ناکاتەوە و بەرهەم ناهێنێ ، بەڵکو هاوڵاتیەکی شەکەت
و لاوازو بێئومێد و تێکشکاوی نا هۆشیار بەرهەم دەهێنێ ، یان پەنا بۆ توندوتیژی و
توندڕەوی یان کۆچ و سەرهەڵگرتن یان دزی و گەندەڵی و تاوان دەبات ، وەکو بژاردەی
مانەوە ، لێرەوە زیندانەکان زیاتر دەبن بە سیمبولی شکستی حکومەت ، لە بنیاتنانی
مرۆڤی ئازادی خاوەن ئیرادەو کەرامەت و هۆشیاردا ، لەبری ئەوەی ببن بە دەزگایەک بۆ
سزادان و دوبارە ڕاهێنانەوەی لادەران و تاوانباران ، لە پێناو گەڕانەوەیان بۆ نێو
کۆمەڵگا . دەکرێ بڵێین پەیوەندی پەروەردەو زیندان فۆڕمێکی پارادۆکسی لە خۆ دەگرێ ،
تا خوێندنگەیەک زیاتر بنیات بنێین ، دەرگای زیندانێک پێوەدەدەین و دیواری
بەندیخانەیەک دەڕوخێنین ، بە پێچەوانەشەوە هەر دینارێک لە پەروەردە گل بدەینەوە ،
بەبیانوی لابەلاو تەقەشوف ، لەوسەرەوە چەندان هەزاردۆلار، دەبێت بخەینە سەر خەرجی سزای
لادەرو تاوانباران و مووچەو بوجەی پۆلیسی جۆراوجۆر . مەسەلەی پەروەردە تەنها
پەیوەست نیە بە وەزارەتێک ، بەڵکو پڕۆژەیەکی وجودیە پەیوەستە بە ئاسایشی نیشتمانی
، بە سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان لە نەوەیەکی تەندروست و هۆشیار بۆ ئایندە ، بەڵام
بەردەوامی پڕۆژەی دەسەڵات ، لە وەبەرهێنانی نا هاوسەنگی نێوان هاوکێشەی سزا لەبری
پەروەردە و بنیاتنان ، لە کۆتایدا دەسەڵاتداران دەگەیەنێ بە زیندان وەک چۆن پاشا
پێشبینی دەکرد ، نەوەیەکی تێکشکاوی بزرو کۆمەڵگەیەکی هەژاری ڕۆچوو لە قەیران و
نەزانین بەرهەم دەهێنێ .
