
وتەبێژی حکومەتی ھەرێم ئاشکرایکرد خوازیارن بە گفتوگۆ کێشەکانیان لەگەڵ حکومەتی عیراق چارەسەر بکەن، چونکە بەپێی یاسا دیاریکراوە ئەرکەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان چیە و پێویستە چی رادەست بکات بۆ ئەوەی بەغداش ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات.
پێشەوا ھەورامانی، وتەبێژی حکومەتی ھەرێم رایگەیاند "بڕیاری 550 ھەیە، لەم بڕیارە چەند مەرجێک بۆ حکوومەتی ھەرێم دیاریکراوە، ئەوان داھاتی نانەوتی و ھەناردەکردنەوەی نەوتیی ھەرێمی کوردستان دەکەنە مەرجی ناردنی مووچە، ئەوە چارەسەری کێشەی ناردنی مووچەکانی ئەمساڵ دەکات".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "ناکرێت مووچەی چەند مانگێک رەوانە نەکرێت و بەو شێوەیە تەماشا بکەن و بێ دەنگ بن، ھیوایان بە گفتوگۆ ھەیە تا رێککەون، بەڵام ئەگەر نەکرا کۆمەڵێک بژاردەیان لەبەردەمە، وەکو کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی و بەشدارینەکردن لە ھەڵبژاردن و بەشدارینەکردن لە پرۆسەی سیاسی".
ئەوەشی خستەڕوو "لە یاسای ئیدارەی مالی لە ماددەی 29 زۆر بەئاشکرا باس لەوە کراوە گومرگ و باج 50%ی بۆ عیراق بێت، رسومات ئەوانەی بەپێی یاساکانی ھەرێمی کوردستان دیاریکراون 100%ی بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەبن، ئەوانەی بەپێی یاسای عیراق جێبەجێ دەکرێن ئەوان 50%ی بۆ بەغدا دەبێت".
باسی لەوەشکرد "ئەنجومەنی دەوڵەت بڕیار لەسەر ھەرێمی کوردستان نادات، تەنیا بۆچوونیان وەردەگیرێت، ئەویش حکومەتی عیراق داوای کردووە نەک هەرێم، تەنها بەرچاوڕوونییە و دەدرێتە حکومەتی عیراق".