
پەیمانگای ئەمریکی بۆ لێکۆڵینەوە لە سیاسەتی گشتیی شیکارییەکی توێژەری ئەمریکی مایکل ڕۆبنی بڵاوکردەوە، لە شیکارییەکەدا سەرنج بۆ هێرشەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر بەرپرسانی حەماس لە قەتەر ڕادەکێشێت و دەڵێت: بە بەئامانجگرتنی حەماس ڕەنگە تورکیا بگرێتەوە کە پەناگەی ئارامی حەماسە.
ڕۆبن لە شیکارییەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەندامێتی تورکیا لە ناتۆ لە هێرشەکانی ئیسرائیل نایپارێزێت، ئەگەر هێرشێک ئەنجام بدرێت، ئەوا دژی پڕۆژەی دەوڵەتێکە کە پشتیوانی تیرۆر دەکات.
لە شیکردنەوەکەدا هاتووە، مادەی پێنجەمی میساقی ناتۆ گەرەنتی وەڵامدانەوەی بەکۆمەڵ ناکات و ڕەنگە هەندێک لە ئەندامانی ناتۆ وەک ئەمریکا، سوید و فینلاند هێرشەکە ڕەت بکەنەوە.
مایکل ڕۆبن لە شیکارییەکەیدا ئاماژەی بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگاکانی حەماس لە قەتەر داوە و دەڵێت: ئەمەش دوای ئەوە هات کە سەرکردەکانی حەماس پێیان وابوو کە بوونی ئەوان لە دەوحەی پایتەخت بەهۆی نێوەندگیریی قەتەرەوە ئاسایشیان بۆ دابین دەکات، بەڵام بۆردوومانەکەی ئیسرائیل ئەمەی بە هەڵە سەلماند و ئاماژەی بەوەدا کە بە شێوەیەکی هاوئاهەنگ لەگەڵ ئەمریکا ئەنجامدراوە.
لە شیکارییەکەدا دەرکەوتووە کە ئیسرائیل حەماس وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر بوونی خۆی دەبینێت و لە هەر شوێنێک بێت هێرشی دەکاتە سەری و پێشبینیش کراوە کە دوای ئەوەی حەماس لە غەزە و قەتەر و تاران شکستی هێنا، ڕەنگە تورکیا دوا ڕێگەی خۆی بێت.
ڕۆبن ئاشکرای کرد، حەماس نووسینگەی هەماهەنگی و ناوەندی دارایی و ناوەندی پلاندانانی لە ئەستەنبوڵ دامەزراندووە، بەڵام ئەندامێتی تورکیا لە ناتۆ گەرەنتی پاراستنی ئەو وڵاتە ناکات و دەڵێت: ئەگەر بڕیارەکانی ناتۆ بە شێوەیەکی گشتی جێبەجێ بکرێن، ڕەنگە هەندێک لە وڵاتانی ئەندام دەستێوەردانی سەربازیی ئیسرائیل لە دژی حەماس ڕەت بکەنەوە.
مایکل ڕۆبن، توێژەری ئەمریکی لە شیکارییەکانیدا هۆشداریی داوە لەوەی ئەگەر حەماس وەک بریکارێک بۆ تیرۆر مامەڵە بکات، تورکیا بەرپرسیارێتی دەگرێتە ئەستۆ و وتی: ئەمە وەڵامی ڕەوای ئیسرائیل دەبێت، تورکیا دەبێت حەماس ڕادەست بکاتەوە یان دەبێت مەودای پارێزەر لە نێوان ئەوان و ئەو شوێنەدا هەبێت کە حەماس میوانداری دەکرێت.