
“چارەسەری پەرلەمانی دەستبەسەرکراو هەڵوەشانەوەیە”
چەند خاڵێک لە بارەی پەرلەمان و سکاڵاکەمانەوە لە دادگای باڵای ئیتیحادی:
١- هەڵبژاردنی دیزاینکراوی ٢٠ی ١٠ی ٢٠٢٤، دۆخی کوردستانی بە ئاستێک بە بنبەست گەیاندووە، نەوەک پاش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان کابینەی دەیەمی حکومەت پێکنەهات، بەڵکو پەرلەمانی دیزاینکراو لەلایەن زۆرینەی پەرلەمانییەوە بە فێڵێک دەستبەسەرکراوەو ناتوانێت کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بکات بۆ کارابوون و هەڵبژاردنی سەرۆک و دەستەی سەرۆکایەتی!
٣- کابینەی نۆیەمی حکومەت لە ٢ی ١١ی ٢٠٢٢ تەمەنی یاسایی تەواو بووە، لەو کاتەوە بەبێ پاڵپشتی دەستوری و یاسایی و شەرعییەتی خەڵک، درێژە بە کارەکانی دەدات، لە وڵات و هەرێمێکدا کە نە لە دۆخی شەڕ دایە، نە کارەساتی سروشتی ڕوویداوە، دوو ساڵ و نیو کاربەڕێکەریی شەرمەزاریی حکومڕانی و حکومەتدارییە!
٤- نزیکەی دوو ساڵ و نیوە، هیچ دامەزراوەیەک نییە چاودێریی کارەکانی حکومەت بکات، دەسەڵات لەم دوو ساڵ و نیوەدا زۆرتر لە جاران سودی لە بۆشایی یاسایی و نەبوونی هیچ چاودێرییەک وەرگرتووەو گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و کارنەکردن بە یاساکان و دوو خەزێنەیی و سەرانەو قۆرخکاریی چەندین هێندەی جاران زیاتر بووە.
٥- یەکێک لە چارەسەرە حەتمییەکان بۆ کۆتایهێنان بەم دۆخە خراپە لەرزۆکە، هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی دیزاینکراوو دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکانە لەگەڵ ڕۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یان ڕۆژانی دواتر.
٦- لە پێناو ئەو ئامانجە پیرۆزە، فریاکەوتنی ژیانی خەڵک، بوونی پەرلەمانێک کە بتوانێت نوێنەرایەتی خەڵک بکات و توانای چاودێریی دەزگای جێبەجێکردنی هەبێت و مەرجەعی باڵای گەل بێت، ڕۆژی ٤ی ٥ی ٢٠٢٥، بە ژمارە (٨٨/ ئیتیحادی/ ٢٠٢٥)، سکاڵامان لە دادگای باڵای ئیتیحادی تۆمار کردووە، پشت بەخوا ئەم ئامانجە پیرۆزە دێتەدی و پەرلەمانی دیزاینکراوی دەستبەسەرکراو هەڵدەوەشێتەوەو کوردستان بەرەو هەڵبژاردنێک دەچێت کە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی خەڵکی کوردستان بێت و خۆی خاوەن بڕیاربێت نەوەک دیلی دەستی دوو لایەنی شکستخواردوو.
عومەر گوڵپی
١١ی ٥ی ٢٠٢٥