
کورد هاوپەیمانی پێکدێنێ لە کەرکوک.؟
لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ساڵی 2005 کە کورد هاوپەیمانی پێکهێناو لیستی برایەتی دروستکراو کۆمەڵی دادگەری تیا بێبەش کرا ، ئیتر لە کەرکوک کورد نەیتوانیوە بە یەک لیست و یەک هاوپەیمانی بچێتە هەڵبژاردنەکانەوە.
ئێستا کە بەرە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەچین و کاتێکی زۆریشی نەماوە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی ، کەچی حزبە کوردستانیەکانی کەرکوک تەنانەت یەک کۆبونەوەشیان بۆ ئەو مەبەستە نەکردوە.
یەکێتی و پارتی کە دەنگۆی دروستکردنی هاوپەیمانیان هەیە ئەوانیش بە کردەیی هیچ هەنگاوێکان بۆ ئەو کارە نەناوە و هێشتا بەربەستەکانیان لانەبردوە تا هاوپەیمانی پێکبێنن
لەم قۆناغه و بۆ کەرکوک، باشترین بژاردە لە بەردەم کورد هاوپەیمانیە بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەڵبەت گرنگە لە کەرکوک ململانێکانی هەرێم وەڵا بنرێت و بەرژەوەندیە باڵاکانی کورد لە بەرچاو بگیرێ.
بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانیە نەبوونی متمانەیە لە نێوان هێزە کوردستانیەکان ، کە پارتی و یەکێتی هیچ کات ئەو هێزانەی دەرەوەی خۆیان وەک هاوپەیمانی ڕاستەقینە قبوڵ نەبوە
هەموو کاتێک دوای هاوپەیمانی بەڵێنەکانی پێش هاوپەیمانی دەشکێنن ، بۆیە ئەوانیش تا ئێستا متمانەیان نیە بچنە هیج بەرەیەکی ئەو دوو حزبە.
بۆیە گرنگە حزبە کوردستانیەکانی کەرکوک، لە پێشی هەموویان پارتی و یەکێتی لە زەرورەتی هاوپەیمانی کورد لەم قۆناغە تێبگەن و پێکەوە بەرەیەکی بەهێزی کوردی دروست بکەن، تا متمانەی کورد لەو ناوچانە بە دەست بێننەوە.
ئەوەی من تێبینم کردوە ، تا ئێستا حزبە کوردستانیەکان هیچ هەنگاوێکیان نەناوە ، هەرچەندە چەند جارێک هەوڵی کۆبونەوە دراوە بۆ ئەو مەەبەستە بەڵام ، ئامادەییان نەبوە پێکەوە کۆببنەوە
ئەمەش زیاتر دەمانگەیەنە بەو باوەڕەی هاوپەیمانی کورد لە کەرکوک پێکنایەت و وەک هەمیشە بە پەرتەوازەیی دەچنە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانەوە.
چیا نووری.