
بەڕێوەبەرایەتیی دژەتیرۆر رایدەگەیەنێت، پاڵپشت بە بەدواداچوون و زانیاریی هەواڵگریی ورد، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر بە هاوبەشیی لەگەڵ دەزگای دژەتیرۆری عێراق ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشیان لە سنووری پارێزگای كەركوك ئەنجامدا.
لە راگەیەندراوەكەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆردا هاتووە، لە ئۆپەراسیۆنەكە توانرا ژمارەیەك تیرۆریست و تۆمەتبار دەستگیربكرێن كە پێشینەیان لەناو رێكخراوی تیرۆریستیدا هەبووە و لە ئێستاشدا بەشێك بوون لە شانە ناچالاكەكانی رێكخراوەكە و كاری گواستنەوەی كەرەستە و پێداویستیی لۆجستییان كردووە بۆ پاشماوە چەكدارەكانی رێكخراوە.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، لە ئۆپەراسیۆنەكەدا توانرا دەست بەسەر ژمارەیەك پارچە چەك و تەقەمەنی بگیرێت، هەروەها دەست بەسەر ژمارەیەك مۆبایل و سیم كارتدا گیرا كە بۆ پەیوەندی لەگەڵ ژمارەیەك تیرۆریستی دیكە بەكارهاتبوو و دوای دەستگیركردن و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان، دەستبەجێ رادەستی یاسا كران بەمەبەستی گرتنەبەری ڕێكاری پێویست و یاسایی بۆ سزادانیان.