نوێترین

recent

20/05/2025

حکومەتی هەرێم لەسەر گرێبەستەکانی غاز وەڵامی بەغدادی دایـەوە.

 





دوای واژۆ کردنی دوو گرێبەستی گەورەی غاز لەلایەن حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکیەکان چاوەڕێی کاردانەوەی توندی حکومەتی بەغدا دەکرێت بەو پێیەی بەغدا ئەنجامدانی گرێبەستی نەوت و غاز بە دەسڵاتی خۆی دەزانێت و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق یاسای نەوت و غازی هەرێم و بەڕێوەبردنی پڕۆسەکانی نەوت و غاز لەلایەن هەرێمەوە ڕەت دەکاتەوە.
بەپێی زانیاریەکانی بوار حکومەتی هەرێم نایەوێت گرژی دروست ببێت و گرێبەستەکان ببنە گرفت لەنێوان هەولێر و بەغدا و وەڵامی بۆ بەغدا ئەوە دەبێت کە هەردوو گرێبەستەکە گرێبەستی نوێ نین بەڵکو گرێبەستی کۆن و پێشتری ئەو کێڵگانەن و تەنها کۆمپانیاکانی پێشوو کشاونەتەوەو کۆمپانیای نوێ جێگای گرتونەتەوە.
بەواتایەکی حکومەتی هەرێم دەیەوێت وا پیشانبدات کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی پابەند نەبووە بەگرێبەستی کێڵگەی میران و لەلایەن هەردوو کۆمپانیای HKN و ئۆنێکس گروپ لەژێر ناوی کۆمپانیای میران ئینێرجی شوێنی پڕ کراوەتەوەو بۆ کێڵگەی تۆپخانە بەهەمان شێوە کۆمپانیای وێسترۆن زاگرۆس شوێنی هەردوو کۆمپانیای ڕیپسۆڵ و دایناست پترۆڵیۆمی گرتووەتەوە.
لەدوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لە شوباتی ۲۰۲۲ و بڕیاری دادگای ژووری بازرگانی پاریس لە ئازاری ۲۰۲۳ دژی کەرتی نەوت و غازی هەرێم بۆ یەکەمجارە حکومەتی هەرێم بە ئاشکرا گرێبەستی نەوت و غاز واژۆ دەکات

Picsart-24-02-23-21-31-09-085