نوێترین

recent

20/04/2025

یەکێتی:بەم شێوەیەهەژماری من"مان لەدەست مەسرور دەرهێنا.

 



یەکێتی چۆن پڕۆژەی "هەژماری من"ـی لەدەستی مەسرور بارزانی دەرهێنا ؟
یەکێتی و پارتی چۆن لەسەر "هەژماری من" ڕێککەوتن ؟ مەرج و داواکارییەکانی یەکێتی چی بوون ؟
پارتی سەرجەم مەرجەکانی یەكێتی لەبارەی "هەژماری من"ـەوە قبوڵ كرد
یەكێتی چوار مەرج و داواكاری هەبووە ، گواستنەوەی پرۆژەكە لەنوسینگەی سەرۆكی حكومەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی یەكێك لەمەرج و داواکارییە سەرەکییەكان بووە ..
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناوەرۆكی داواكارییەكانی یەكێتی و ڕێککەوتن لەسەر پڕۆژەی "هەژماری من" بە "گرنگ"ـی ڕاگەیاند : ئەو گۆڕانكارییانەی كە یەكێتی داوای كردوون لەپێناو ئەوەدایە ، پرۆژەكە بەتەواوی ببێت بەپرۆژەی حكومەت ، بۆ ئەوەی یەكێتی وەکو هاوبەشێكی سەرەكی حوكمڕانی و لایەنەکانی دیکەش لەداهاتوودا بەپرۆژەی خۆیانی بزانن و ئاگاداری ووردەکارییەکانی بن ..
بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەکەی "گرنگ" کە ئاگادارى وردەکاری کۆبوونەوەکانە داواکارییەکانی یەکێتی بەمجۆرە بووە :
یەكەم : پێویستە پرۆژەكە لەنوسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە بگوازرێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم ، تاکو بەتەواوی دەستی شەخس لەپڕۆژەکە دووربخرێتەوە و ببێت بەپرۆژەیەکی حکومەت ..
دووەم : بەهیچ شێوەیەک دەستكاری پارەی مووچەخۆران لەهەژمارە بانكییەكانیاندا نەكرێت و حکومەت نەتوانێت پارەی قەرزی ئاو و كارەبا و خزمەتگوزارییەکان بەبێ‌ ڕەزامەندی خۆیان لەمووچەكانیان ببڕێت ، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە دڵنیایی بەمووچەخۆران بدرێت ..
سێیەم : ڕێگەدان بە بەشداریكردنی بانكی دیكە لەپرۆژەی هەژماری من و نابێت پڕۆژەکە بۆ چەند بانکێکی دیاریکراو قۆرخ بکرێت ..
چوارەم : پێدانی نوسخەیەكی دەقی گرێبەستەكانی نێوان حكومەت و بانكەكانی پرۆژەی "هەژماری من" بە یەكێتی یەکێکی دیکە بووە لەداواکاری و مەرجەکانی یەکێتی بۆ ڕێککەوتن لەسەر پڕۆژەی "هەژماری من"..
ئەم مەرجانەی یەكێتی لەكۆبوونەوەی ڕۆژی پێنجشەممە 17-04-2025ـی نێوان هەردوولا لەسلێمانی كە "عەزیز ئەحمەد" سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من "لەپشکى پارتى" تێیدا بەشدار بوو ، گفتوگۆ و ڕێككەوتنی لەبارەوە كراوە ..
بەپێی زانیارییەكانی "گرنگ" پارتی بەسەرجەم داواکاری و مەرجەکانی یەكێتی کە خۆی لەو چوار خاڵەدا دەبینێتەوە ڕازی بووە . كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دوای پێكهێنانی ، دەستكراوە دەبێت بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی "هەژماری من" لەسەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ...
سەرچاوەکەی "گرنگ" ئاماژەی بەوە كرد "ئەم دۆسیەیە یەكێك بوو لەو بابەتانەی كە دەكرا ببێتە بەربەست لەبەردەم ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی لەسەر پێکهێنانى حکومەت" ئەگەر ڕێككەوتنی لەبارەوە نەكرایە ..
سەرچاوەكە تیشكی خستەسەر ئەوەش ، لەكۆبوونەوەكانی ماوەی ڕابردووی نێوان پارتی و یەكێتی ، گفتوگۆی ئەوەش كراوە كە هەر پرۆژە و پرسێکى گرنگ پەیوەست بەحكومەت لەداهاتوودا بێتە ئاراوە ، دەبێت پێكەوە "گفتوگۆی لەسەر بكەن و ڕەزامەندیی لەسەر بدەن"
تەنانەت یەکێتى ئەو مەرجەشی بەسەر پارتیدا سەپاندووە کە "هەر پرۆژەیەکى گرنگ و ستراتیژی کە لەڕابردووداشدا بڕیارى لەبارەوە درابێت یان گرێبەستى لەسەر کرابێت ، ئەگەر بەپێویست بزانرێت ، لەكابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمدا دەهێنرێتەوەسەر مێزی گفتوگۆی نێوان هەردوو حیزب و پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت تاکو نەبنە پرۆژەی شەخس و حیزب و لایەنێکی دیاریکراو" ..
شایەنی باسە لەسەرەتایی ڕاگەیاندنی پڕۆژەی "هەژماری من"ـەوە یەکێک لەو هۆکارانەی بووە هۆی ڕەتکردنەوەی پڕۆژەکە لەلایەن خەڵک و لایەنەسیاسییەکانەوە ، ئەوە بوو کە کۆی پڕۆژەکە لەنوسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانییەوە چەند کەسێک بەڕێوەیان دەبرد و کەس ئاگاداری ووردەکارییەکانی نەبوو ، بەڕای چاودێران قبوڵکردنی مەرجەکانی یەکێتی لەلایەن پارتییەوە بەو مانایە دێت کە " پرۆژەی هەژماری من لەدەستی مەسرور بارزانی دەرهێنراوە" و دەبێتە پڕۆژەیەکی حکومی و لایەنە سیاسی و پەیوەندیدارەکان دەتوانن لەئێستا و داهاتووشدا ئاگاداری هەموو ووردەکارییەکانی بن ..
Picsart-24-02-23-21-31-09-085