نوێترین

recent

11/04/2025

هەسەدەو سوریا لەسەر بەنداوی تشرین ڕێکەوتن.


 


دوێنێ پێنجشەمە ١٠-٤-٢٠٢٥، ئیدارەی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان، ڕێککەوتنی خۆی لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا، لەسەر بەنداوی تشرین ڕاگەیاند.
حکومەتی خۆسەر بڵاویکردۆتەوە: "بەخۆشحاڵییەوە توانیمان لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا، لەسەر بەڕێوەبردن و پاراستنی بەنداوی تشرین بگەینە ڕێککەوتنێکی بەرهەمدار، هەروەها پشتڕاستی دەکەینەوە، کە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی هاوبەش لە نێوان حکومەتی نوێی سووریا و ئیدارەی خۆسەر بۆ دامەزراندنی میکانیزمێکی هەماهەنگی بۆ بەڕێوەبردنی یەکێک لە گرنگترین بەنداوەکانی هەرێمەکەمان بەڕێوەچووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە: "ڕێککەوتنەکە دوای دانوستانێکی چڕ و پڕ بوو، لەو ماوەیەدا ئەو پێشنیازە تەکنیکیانەی، کە لە لایەن ئیدارەی خۆسەرەوە پێشکەشکرابوون پەسەندکران، لەوانە:
- سەرپەرشتیکردنی ڕاستەوخۆی کارپێکردن و چاککردنەوەی دامەزراوەی بەنداوەکە.
- دەستپێکردنی کاری نۆژەنکردنەوە بە هاوکاری لەگەڵ پسپۆڕانی نێودەوڵەتی بۆ دڵنیابوون لە کوالیتی ژێرخان.
- دەستەبەرکردنی بێلایەنی بەنداوەکە و داماڵینی سەربازی، هاوکات پێکهێنانی هێزێکی ئەمنی هاوبەش بۆ پاراستنی لە هەر هەڕەشەیەک".
ئامانجی ڕێککەوتنەکە پاراستنی سەقامگیری کارکردنی بەنداوەکەیە، کە سەرچاوەیەکی گرنگی ئاو و کارەبایە، لە هەمان کاتدا جەخت لەسەر ئەولەویەتی دابینکردنی پێداویستییەکانی دانیشتووان دەکرێتەوە، دوور لە هەر ململانێیەک.

Picsart-24-02-23-21-31-09-085