شاندی پارتی گەیشتوونەتە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە هەولێر كۆبوونەوەی نێوان هەردوولا دەستی پێ كردووە.
تا ئێستە زانیارییەكان بەمجۆرەن كە بۆ كۆتا جار هەردوو شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆ دەبنەوە، كۆبوونەكە تایبەت دەبێت بە پرسی پێكهێنانی كابینەی 10یەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دابەشكردنی پۆست و بەرپرسیاریەتییەكان لە نێوان هەردوو حزب و كەمینەكان و حزبەكانی تر.
ئەوە لە كاتێكدایە ڕۆژی یەكشەم لە پیرمام، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، لە میانی پێشوازی بافڵ تاڵەبانی گفتوگۆمان لەبارەی هەنگاو و ڕێكارەكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد.
مەسروور بارزانی گوتی، هەردوولا كۆبوونەوەكانمان بە ئەرێنی هەڵسەنگاند و هاوڕابووین لەسەر گرنگیی پێكهێنانی حكوومەتێكی بەهێز و یەكگرتوو و خزمەتگوزار.
بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوای كۆبوونەوەكە ڕای گەیاند، ڕێككەوتن و كۆبوونەوەیەكی زۆر باش بووە، ئەوەی كە ماوە لیژنەی شاندی دانوستانكاری پارتی و یەكێتی بڕیاری لێ دەدەن و هەرچی زووە كابینەی 10 یەم پێك دەهێنین.
