پافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی نەگەیشتنە ڕێککەوت
.لیژنەیەکی تر بۆ تەواوکردنی خاڵە ناکۆکەکان پێکدەهێنرێت
. یەکێتی حکومەتی سێبەر ڕەتدەکاتەوە و پارتیش داوای حکومەتی سەرتاسەری دەکات
دوای کۆبوونەوەی دوێنێی بافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی، لێدوانێکی کورتان بۆ میدیاکان دا و باسیان لەوە کرد، کە لەسەر هەندێک پرس گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، قسەکانی هەردوولا کورت بوون، پێچەوانەی کۆبوونەوە درێژە دوو قۆڵییەکەیان.
بەپێی زانیارییەکان کە لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیکی هەردوولاوە دەست میدیاکان کەوتووە، ڕێککەوتن نەکراوە لەسەر ئەو خاڵە ناکۆکانەی لەنێوان هەردوولا مابوون. بڕیارە جارێکی تر لیژنەیەکی هاوبەشی پارتی و یەکێتی گەڵاڵەی ڕەشنووسێک بکەنەوە لەسەر ئەو خاڵانەی ناکۆکن و نەگەیشتونەتە ڕێککەوتن.
گرنگترین خاڵ بەلای یەکێتیەوە دەستکاریکردنی دەسەڵاتی پۆستە باڵاکانی ناو ئەنجوومەنی وەزیرانە، یەکێتی پێی وایە؛ جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکان دەسەڵاتیان نەبووە، بۆیە دەیەوێت پارتی ڕازی بکات بەوەی کە دەسەڵاتیان پێبدرێت، جگە لەوەی دەیەوێت دەسەڵاتی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لە سەروی وەزیرەکانەوە نەبێت و ئەمەشی بە حکومەتی سێبەر ناوبردووه.
یەکێتی داواش دەکات دەستەی سەرۆکایەتی پەڕلەمان نەمێنێت و سەرۆک دەسەڵاتی تەواوی هەبێت، نەک وەک ئێستا دەسەڵاتەکان بەسەر سەرۆک و جێگر و سکرتێردا دابەشکراون.
لە بەرامبەر ئەمەشدا، پارتی هێشتا بڕوای بەوە نەهێناوە کە دەستکاری ئەو دەسەڵاتانە بکرێت. مەسرور بارزانی بە بافڵ تاڵەبانی وتووە، ئەوان حکومەتێکی سەرتاسەریان دەوێت، بۆ ئەوەش دەبێت پۆستە باڵاکان دەسەڵاتی تەواویان هەبێت و پێی باش بووە وردەکاری هەندێ داواکاری یەکێتی بە لیژنەکە بسپێردێتەوە.
چاوەڕێ دەکرێت لیژنە هاوبەشەکەی یەکێتی جارێکی تر گەڵاڵەی چەند پێشنیازێکی تر بکەنەوە، تا بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی یەکلایی بکەنەوە، بەپێی ئاماژەکانیش کۆبوونەوەی داهاتوویان دەکەوێتە دوای جەژن، بەمەش پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت زیاتر دوادەکەوێت.
