دەستبەسەر ماڵ و موڵکی زانای خالیدی خولەسووردا گیرا
دوای ئەوەی لەچەند شەوی ڕابردوو ، زانا خالید مەحمود ، ناسراو بە زانای خالیدی خولەسوور هەڵیکوتایەسەر ڕێستۆرانتێکی شاری سلێمانی و دەستڕێژی گولەی بەناو میوانانی ڕێستۆرانتەکەدا کرد و بۆ شوێنێکی نادیار هەڵهات ، لەئێستادا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ناوبراو و برایەکی و چەند کەسێکیتر دەرچووە و هێزەئەمنییەکان لەهەوڵی دەستگیرکردنیاندان ..
بەپێی زانیارییەکان لەیەکەم ساتی دوای ڕووداوەکەوە هێزە ئەمنییەکان دەستیانکردووە بە گەڕان بەشوێن زانا و ماهیری کوڕانی خالید خولەسوور بەمەبەستی دەستگیرکردنیان ، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو ئەو شوێنانەی لەلایەن ناوبراوەوە خاوەندارێتی دەکرێن و لێیان نیشتەجێ دەبێت لەدوو ڕۆژی ڕابردوودا پشکنینیان بۆ کراوە ، تەنانەت هێزەئەمنییەکان چونەتە دیوەخانی عەشیرەتی غەوارە لەشارەزوور کە لەلایەن شاهۆ خالیدی برا گەورەیانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت ، دڵنیابوونەتەوە کە تۆمەتباران لەوێش داڵدەنەدراون ..
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕاستەوخۆ دوایی ڕووداوەکە زانا و ماهیری برای بەرەو شاری هەولێر هەڵهاتوون و بۆ ئەو مەبەستەش سودیان لە (دوو ئۆتۆمبێلی سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە زێرەڤانی) وەرگرتووە تاکو لەکاتی تێەڕینییان لەبازگەکان پشکنینیان بۆ نەکرێت ..
بەووتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەئێستادا بەبڕیاری دادوەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە سەرجەم ماڵ و مووڵکی زانای خالیدی خولەسوور دەستیان بەسەردا گیراوە و لەچەند شوێنێکیش کە خاوندارێتی بۆ ناوبراو دەگەڕێتەوە هێزە ئەمنییەکان جێگیرکراون و کۆنتڕۆڵیان کردووە ..
بەپێی زانیارییەکان ئەو ماڵ و موڵکانەی دەستیانبەسەردا گیراوە لە خانوو و شووقە و باخ و شوێنی کار و ژمارەیەک ئۆتۆمبێل پێکدێن ، شایەنی باسە ئەمشەو لەدواین ڕێوشوێنی ئەمنیدا باخێک و شوقەیەکی تۆمەتبار زانای خالیدی خولەسوور لەشاری سلێمانی دەستیان بەسەرداگیرا و هێزەئەمنییەکانی تێدا جێگیرکران ..
سەرچاوەیەکی ئەمنی زانیاری زیاتری لەبارەی ڕێکارە یاساییەکان خستەڕوو و ڕایگەیاند ، لەئێستادا دەزگا ئەمنییەکانی شاری هەولێر بەفەرمی ئاگادارکراونەتەوە تاکو هەردوو تۆمەتبار "زانا خالید مەحمود و ماهیر خالید مەحمود" دەستگیر بکەن و ڕادەستی دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانییان بکەنەوە و بەمەبەستی ڕاپێچکردنیان بۆ بەردەم دادگا و لێپرسینەوەی یاسایی لەتۆمەتباران ..
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوە کرد ڕێکارەکان بەردەوام دەبن ، ئەگەر دەزگا ئەمنییەکانی هەولێریش هەماهەنگ نەبن ، هەرکاتێک تۆمەتباران بگەڕێنەوە سلێمانی دەستگیردەکرێن و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە ..
