کابینەکەی خاوەن شکۆ، ئۆپۆزسیۆنی دەستەمۆ!
١.ترەمپ بە قسەی ئیلۆن ماسک لایەکی مووچەخۆرانی ئەمریکای ناردۆتەوە «لۆمارێ»! دەڵێن سەرۆکی ئەمریکا بە ڕادەیەک لە ژێر کاریگەری ماسکدایە، مەگەر تەنها سەرۆکی پارتی هێندە لە ژێر کاریگەری کوڕە گەورەکەیدا بێت!
٢.فازڵ میرانی دەڵێت«خەون بەوەوە دەبینین بەغدا برامان بێت!»
تورکیاش باوکیان!
٣.ئەگەر هۆشیاری تاک جارێک پێویست بێت بۆ تێگەیشتن لە بەدکارییەکانی دەسەڵات، بۆ دووڕویی ئۆپۆزسیۆن دە جار پێویستە!
مەحوی گوتەنی:
لە دەست دۆستی دوو ڕوو عەجەب دڵم تەنگە،
فــیدای ئــەو دوژمنــەم کـە یــەک ڕەنــگــە!
٤.سەرۆکایەتی فەخری یانەی وەرزشی سلێمانی، نوێترین لێکەوتە و کاردانەوەی روداوەکانی ٨ ی تەمموزی ساڵی ٢٠٢١ ی ناوخۆی یەکێتییە!
چوار ساڵە درامای ٨ تەمموز رۆژانە بەردەوامە و لێکەوتەکانی کۆتاییان نایەت!
٥.پرسیم نهێنی ئەو هەموو زوڵمە چییە لە پارێزگای سلێمانی دەکرێت بە تایبەتی لە دابەشکردنی پرۆژە و تایبەتتر لە بواری رێگاوباندا، گوتییان هی ئەوەیە پارێزگارەکەی دەڵێ «من کوڕی نەوشیروان مستەفام و گۆڕانیش نیم، برای سێهەمی بافڵ و قوبادم و یەکێتیش نیم!»
٦. نازانم کەی کابینەی دە بۆ خاوەن شکۆ دروست دەکرێ، بەڵام دەزانم کە لە کابینەی نۆ بێ کەڵکتر دەبێ!
٧.لێی پرسیم لە کۆتا رۆژەکانی تەمەنی ناشەرعی خۆیدا کام شەرمەزارییە بە گەورە دەبینی کە کابینەی نۆ لە تەوێڵی خۆیدا بێت بۆ مێژوو؟!
بێ سێ و دوو گوتم: دۆسێی شێروان شێروانی و هاوڕێکانی.
٨.دیقەتم داوە کۆنە بەعسییەکانی دوێنێ و دەربارەکانی ئەمڕۆی دەسەڵاتی هەرێم گێچی فشەی قەومییان لە هەموو کەس بەرزترە! پاکانە بە کوردایەتی و کوردایەتی بە پاکانەوە دەکەن!
٩.کە ناڕازی و بەناو ئۆپۆزسیۆنێکت بینی بەردەوام لە میدیاکانی دەسەڵاتەوە قسە دەکات و دەسەڵات دەرگای کەناڵ و دەزگاکانی خۆی بۆ خستۆتە سەر پشت، بزانە کە ماستی ناڕازیبوونەکەی نەک موو گورێسێکی گەورە تێدایە و پڕە لە بەکتریای بەرژەوەندی بە یەکداچووی نێوان دەسەڵات و کاکی ئۆپۆزسیۆنی دەستەمۆ!
١٠.گوتی دە تۆ پێم بڵێ، سەرکۆمار ڕاوێژکاری پژمەی بۆ چییە!؟ گوتم؛ مەگەر بۆ ئەوەی بێت بیری بخاتەوە دوای پژمە بڵێ «الحمدلله»!
١١.بومەلەرزە سیاسییەکەی تورکیا دوو ڕاستی دەرخست:
لەوێ: ئەوەی ئێستا لە تورکیا دەگوزەرێ و شانۆی سیاسیی ئەو وڵاتە (بە پرۆسەی ئاشتیشەوە) بەڕێوە دەبات دەوڵەتی قووڵە، نەک ئەردۆگان! سوڵتان قووڵ لەوە تێگەیشتوە کە گەردەلولی گۆڕانکاری هەڵیکردوە! بە هیوام کێشەی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵۆ جوڵەی یەکلاکەرەوەی پێش کش مات بێت.
لێرە: سەیری کەناڵی حزبە کوردییەکان بکە بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە تێدەگەی کێ مڕی ئەسکەندەر کەبابی ئەنقەڕەیە!
١٢.دوو ڕا:
یەک: پایە و پێگەی پارتی لە کۆنتڕۆڵی حوکمڕانی هەرێمدا بەهێزیی خۆی نییە هێندەی لاوازی و سازشی بەردەوامی ئەوانیترە! سازشێک شەست ساڵە درێژەی هەیە و هەرجارە بە جۆرێک خۆی نوێدەکاتەوە! هەموو جارێکیش بەدبەختکردنی زیاتری خەڵکی کوردستانی بەدواوەیە!
دوو: کۆمارییەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ بە پاساوی بوونی چەکی یاساغ بە «هێرشی سەربازی» بۆ جاری یەکەم عێراقیان داگیرکرد و ڕژێمی بەعسیان ڕوخاند، ئەمجارەیان و لە ساڵی ٢٠٢٥ دا، بە پاساوی رۆڵی ئێران و گروپە میلیشیاکانی بە «هێرشی ئابووریی» بۆ دووەمجار عێراق داگیر دەکەنەوە!
هۆشیار عەبدوڵا
