کڕینی ڕاگەیاندنکاران و بەهەدەردانی سامانی گشتی وڵات..!
ئەوەی ئەمڕۆ لە فەزای ڕاگەیاندنی کوردیدا دەگوزەرێت، جگە لە بەهەدەردانی سامانی گشتی وڵات هیچی تر نییە!
لەڕاستیدا بە پێی زانستی ڕاگەیاندن، ڕاگەیاندن دەبێت بەشێک بێت وە ڕۆڵی هەبێت لە چارەسەرکردنی کێشە و گرفت و قەیرانەکانی وڵات لەسەرجەم سێکتەرەکانەوە، بەڵام بەداخەوە ڕاگەیاندنی کوردی نەک هەڵنەستاوە بەم ڕۆڵە، بەڵکو خۆی بۆتە بەشێکی سەرەکی لە کێشە و گرفت و قەیرانەکان، هەروەها ئاستەنگی لەبەردەم فەرمانڕەوایی و بەڕێوەبردنی یەکە کارگێڕییەکانی وڵات دروستکردووە، تەنانەت خۆی خزاندۆتە ناو بەها ڕەوشتییەکانی مرۆڤ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سۆزدارییەکانەوە، لەپێناو بەرزبوونەوە (لایک و ڤیو)، چونکە ئەوان (ڕاگەیاندنی کوردی)یەکان، ( لایک و ڤیوی) زۆر بە یەکەمی بێ ڕکابەر و پرۆفیشناڵ ناوزەند دەکەن، واتا زیاد کردنی لایکێک و ڕێژەی زۆری بینەر کراوەتەوە پێشەنگی کارەکانیان بەرزکردنەوەی بەبێ لەبەرچاوگرتنی زیانەکانی و لەهەمان کات فەرامۆش کردنی ناوەڕۆکی بابەتەکانیان، کە لە سۆشیاڵ میدیا دەبن بە تریند (باو)، بەڵام بێخەبەرن لەوەی، کە پەیڕەوی ڕێکارەکان ناکەن لە بنەما سەرەکییەکانی ڕاگەیاندندا، کە دەبێت دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنکاران پابەندبن و پەیڕەوی بکەن لە بنەماکانی ڕاگەیاندن کە بریتین لە ” مۆڕاڵ و ئیتیک، بابەتیبوون، هاوسەنگی، بێلایەنی، تاد“،
کڕینی ڕاگەیاندنکاران لەئێستادا بۆتە جۆرێک لە مۆدێرن و پیشەسازی و بازرگانی میدیایی، لەسەر قوت و بژێوی موچە خۆران و هاونیشتیمانییان بەگشتی، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییە، کە هەگبەی ڕاگەیاندنی کوردی بەتاڵە لە بنەماکانی ڕاگەیاندن وەکو ” مۆراڵ و ئیتیک و بابەتیبوون و هاوسەنگی و تاد“،
ئەم هەموو دەزگا ڕاگەیاندنە بە هەموو جۆرەکانییەوە کە بریتین لە ” بینراو، بیستراو، خوێندراو، ئەلیکتڕۆنی و بلاتفۆرمەکان“ بە هەزاران و ملیۆنان دۆلارەوە مانگانە دەڕوات بەڕێوە، ئادەی بێزەحمەت هەڵقوڵاوی سەرچاوەی داراییان لەکوێوەیە؟! ئەی خزمەتگوزاری ڕاگەیاندنی کوردی چییە ؟ و کــوا ؟ کە دەبێت پێشکەش بە کۆمەڵگەی کوردی بکەن، جیا لەوەش خزمەتێکیان پێ نییە لەپێناو ئاشتەوایی ڕامیاری و کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی بەڵکۆ بەپێچەوانەوە تێکدەر و هۆکاری سەرەکیین بۆ لەناوبردنی بەها جوانەکانی مرۆڤایەتی.
هەژار ئەنوەر
چاودێری میدیایی و خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زانستی ڕاگەیاندن_دا
