
" کۆمەڵ وەک هەندێک حزب نییە کە سەرۆک وتی رەش، هەموو حزبەکە بڵێن رەش"
عومەر گوڵپی رایگەیاند، زیاتر لە 50 رۆژە پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خواردوە و تاکو ئێستا نەتوانراوە سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، دەشڵێت " پەرلەمانتاران لەم ماوەیەدا هیچ شتێکیان پێشکەش بە خەڵکی کوردستان نەکردوە، چونکە چاوەڕێن لایەنەکانی دەسەڵات لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان ڕێکەون "
عومەر گوڵپی، کاندیدی سەرکەوتوی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ شارپرێس ئاماژەی بەوەکرد،" کۆمەڵ ئەزمونی خۆی پێشکەش بە هەر کەسێک دەکات کە لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا بێت، لەرێگەی کەناڵ و ئۆرگان و شێوازە جیاجیاکانەوە لەئاڵوگۆڕی سیاسەتدایە لەگەڵ لایەنەکانی تر، بە هەر رێگەیەک پێیوابێت کاریگەری هەیە لەسەر باشترکردنی ژیانی خەڵک کۆمەڵ لە پێشەوەیە و سەنگەر چۆڵ ناکات بۆ هیچ کەس لەمڕوەوە".
باسی لەوەشکرد،" لەکاتێكدا لایەنێکی سیاسی ناو دەسەڵات بەردەوام موچە و قوتی خەڵک دەبڕێت و گەندەڵی دەکات و کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکانی خۆی بەهێز دەکات، لەکاتی هەڵبژاردنیشدا وەک موعجیزەیەک دەنگی یەکەم بەدەستدەهێنێتەوە، ئەمە نیشانەی پرسیار دروستدەکات، بۆیە ئێمەش وەک کۆمەڵی دادگەری ویستمان هەڵوەستەیەکمان هەبێت و بڕیارماندا بەشداری لەم خولەی پەرلەمان نەکەین".
عومەر گوڵپی ئەوەشیخستەڕوو، کۆمەڵ خاوەنی پرەنسیب و پەیڕەوی ناوخۆ و سەرکردایەتییە، بڕیارەکان بە راوێژکردن دەدرێن، کۆمەڵ وەک هەندێک حزب نییە کە سەرۆک وتی رەش هەموو حزبەکە بڵێن رەش.
وتیشی،" راستە عەلی باپیر مەیلی بەلای بایکۆتکردنی پەرلەمانەوە هەبوو، بەڵام بڕیارەکە لە سەرکردایەتی حزبەکەوە دراوە ".
لەبارەی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیش رونیکردەوە، هەندێک فەرمانبەری حکومەتی هەرێم موچەکەیان 300 هەزار دینارە، لەکاتێکدا ئەگەر خانەنشین بن بە پێی یاساکەی عێراق موچەکەیان دەبێتە 500 هەزار دینار، ئەم جیاوازییەش بەهۆی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەیە.
ئەو ئەندامەی کۆمەڵ راشیگەیاند، لە 2011وە تاکو 2024 هیچکات داهاتی هەرێمی کوردستان نەگەیشتوەتە 15 ترلیۆن دینار، بەڵام لە 2024دا بەهۆی باشبونی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا و جێبەجێکردنی یاسای بودجە، داهاتی هەرێمی کوردستان بەوەی لە بەغداوە دەهات لەگەڵ داهاتی ناوخۆ بەبێ داهاتی نەوت، گەیشتە 16 ترلیۆن دینار، بەوەش هیچ پاساوێک نەماوە بۆ راگرتنی پلەبەرزکردنەوە و دواخستنی موچە.