
فەرماندەی گشتی هەسەدە ئاشکرای کرد، دیدارەکەی لەگەڵ مەسعود بارزانی لەپێناو وەستاندنی هێرشەکانی تورکیا بووە، دەشڵێت" بارزانی بەڵێنیدا لە گفتوگۆکان بەردەوام بێت".
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی عەرەبییە وتی" دیدارم لەگەڵ مەسعود بارزانی لەپێناو وەستاندنی هێرشەکانی تورکیا بوو، داوام لە بارزانی کرد نێوەندگیریی بۆ وەستانی هێرشەکانی تورکیا بکات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم سەردانەم بۆ لای بارزانی پەیوەندییان بە ڕووداوەکانی سووریا و زامنکردنی مافەکانی کورد لە دەستووری سووریادا هەیە".
دەشڵێت"هەرێمی کوردستان کاریگەریی لەسەر هێزە سیاسییەکانی ناوچەکەمان هەیە، بارزانی دەتوانێت ڕۆڵ لە یەکخستنەوەی هەڵوێستی کورد ببینێت، لە کۆبوونەوەکەمان باسمان لە گرنگیی یەکدەنگیی کورد کرد بۆ ئەوەی بە یەک شاند بچینە دیمەشق".
عەبدی ڕایگەیاند، کە داوای لە بارزانی کردووە کێشەی ڕۆژئاوا لەگەڵ تورکیا چارەسەر بکات و دەڵێت"هەرێمی کوردستان بە تایبەتی بارزانی پەیوەندیی باشی لەگەڵ تورکیادا هەیە و بارزانی بەڵێنیدا لە گفتوگۆکان بەردەوام بێت".