
بهگوێرهى ئهو زانیاریانهى ڕۆژنامهنوسێك ئاشكرایكردوه، تائێستا دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان ڕون نییەو هیچ گفتوگۆیەكیش لەنێوان ڕێڤەبەری خۆسەرو دیمەشق نییەو دوری نێوانیان زۆر زیاترە لەوەی باسی لێوەدەكرێت، دهشڵێت:"پێدەچێت ئەم دۆخەی ئێستا درێژە بكێشێتو بەمزوانە چارەنوسی ئەو ناوچەیە یەكلایی نەبێتەوەو ئهحمهد شهرع (ئهبو محهمهد جۆلانى)ش ههموو پهیوهندیهكانى لهگهڵ ڕۆژئاواى كوردستان پچڕاندوه".
سهرتیپ جهوههر ڕۆژنامهنوسو چاودێرى سیاسیى ئاشكرایكردوه، "لەدوای ڕوخانی ڕژێمەكەی ئەسەد، زۆربەی جومگەكانی حوكمڕانیی لەسوریا پەكیانكەوتوە، خزمەتگوزارییەكان لەخراپترین دۆخدایە، محەمەد جۆلانیی حاكمی نوێی دیمەشق، هەموو پەیوەندییەكی لەگەڵ تەواوی جومگەكانی حوكمڕانییو فەرمانگەكانی دەوڵەت لەڕۆژئاوای كوردستان پچڕاندوە، واتە هیچ دامودەزگایەكی دەوڵەت لەڕۆژئاوای كوردستان كارناكاتو بەتەواوی گۆد بوە، ئەمەش بۆشاییو كاریگەرییەكی گەورەی جێهێشتوە، بەڵام فەرمانگەكانی ڕێڤەبەری كاری خۆیان دەكەن".
ئهوهش ڕوندهكاتهوه، "دەوامو كاركردن لەهەموو خوێندنگهو فەرمانگەكانی تەندروستییو تەواوی فەرمانگەكانی دیكە وەستاوەو هیچ بەرچاو ڕونیەك نییە لەبارەیانەوە، بەڵام فەرمانگەو یەكە ئیدارییەكانی سەر بەرێڤەبەری خۆسەر كە جیاوازە لەفەرمانگەكانی دەوڵەتی مەركەزیی كاردەكەن، واتە خوێندنگهو نەخۆشخانەو یەكە ئیدارییەكانی سەر بەڕێڤەبەری دەوامی خۆیان دەكەن".
بهوتهى سهرتیپ جهوههر، دۆخی ئیدارەی ڕۆژئاوای كوردستان كەمێك ئاڵۆزە، چونكە دوو ئیدارەو دوو ناوەندی ئیداریی هەیە، یەكێكیان یەكە ئیدارییەكانی دەوڵەتی پێدەوترێت كە لەڕوی ئیدارییەوە سەر بەدیمەشقنو موچەو پێداویستی كاركردنیان لەوێ بۆ دابیندەكرێت، ئەوی دیكەیان یەكە ئیدارییەكانی سەر بەڕێڤەبەری خۆسەرە كە موچەو پێداویستیەكانیان لەلایەن ڕێڤەبەری خۆسەرهوه دابیندەكرێت.
بهگوێرهى لێدوانی ڕەسمیی نزیكەی یەك ملیۆنو 300 هەزار فەرمانبەر لەسوریا هەیە كە دەكاتە 30% هێزی كاری ئەو وڵاتە، لەو ژمارەیە ڕون نییە چەند فەرمانبەری حكومەتی ناوەند لەڕۆژهەڵاتی فوراتو ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیمەكرات هەیە، بەڵام بهگوێرهى خەمڵاندنی ژمارەی دانیشتوان كە لەنێوان 4.5 بۆ 4.8 ملیۆن كەس دەبێتدەردەكەوێت نزیكەی 250 هەزار فەرمانبەری حكومەتی ناوەند لەڕۆژئاوای كوردستان هەیە.
وهكو سهرتیپ جهوههر باسیكردوه، "لەبەرامبەر ئەو ژمارەیەی فەرمانبەرانی حكومەتی ناوەند، ئێستا نزیكەی 135 هەزار كارمەندو كرێكاری رێڤەبەری خۆسەر هەیە، ئەمە جگە لەهێزەكانی ئاسایشو هێزەكانی سوریای دیموكراتو هێزە ئەمنیەكانی دیكە كەكۆی ئەو هێزانە بهگوێرهى سەرچاوەی ناڕەسمیی دەگاتە نزیكەی 150 هەزار چەكدار، بەر لەڕوخانی ڕژێمی ئەسەد نرخی لیرەی سوریا بۆ یەك دۆلار 14500 لیرە بوو، بەڵام لەدوای ڕوخانی ڕژێمی سوریا لیرەی سوریا كەمێك بەرزبوهتەوە، ئێستا یەك دۆلار بەرامبەر 11500بۆ 12000 لیرەی سوریایە".
ئهوهشى وتوه، "بهگوێرهى ئەو زانیاریانەی بەردەستە، بەرزترین موچەی فەرمانبەرێكی دەوڵەت لەسوریا كە ئێستا لیرەی سوریا كەمێك بەرزبوهتەوە، لەنێوان 25 بۆ 30 دۆلارە، ئەو بڕە پارەیە لەهەندێك بارودۆخ ڕەنگە نەكاتە خەرجی تەنها یەك ڕۆژی خێزانێك، ئەمە لەكاتێكدا هەر خێزانێكی سوریا لایەنی كەم مانگانە پێویستی بە 150 دۆلار هەیە بۆ نزمترین ئاستی ژیان".
ئێستا لهڕۆژئاواى كوردستان لەژێر فەرمانڕەوایی هێزەكانی سوریای دیموكرات، بەنزیكەی 135 هەزار فەرمانبەر هەیە، موچەی فەرمانبەرانی ئیدارەی ڕێڤەبەری خۆسەر هەمیشە جیاواز بوە لەفەرمانگەكانی حكومەتی ناوەند، چونكە بهگوێرهى گۆڕانی نرخی دۆلار لەقۆناغێك بۆ قۆناغێكی دیكە جیاوازە، بهگوێرهى لێدوانی ڕەسمیی، موچەی فەرمانبەرانی ڕێڤەبەری خۆسەر لەنێوان 90 دۆلار بۆ نزیكەی 600 دۆلاری ئەمریكیە، واتە لەنێوان یەك ملیۆنو 40 هەزار لیرەی سوریا بۆ 8 ملیۆن لیرەیە".