نوێترین

recent

16/07/2024

پارەى فرۆشتنى ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانەى هەرێم دیارنییە


ئەندامێکى جڤاتى نیشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان ڕاشکراى دەکات، رۆژانە ۳٠٠ هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشرێت، نرخەكەی لەنێوان ۳٥ بۆ ٤٠ دۆلارە و دەشڵێت: نیوەى پارەکەى بۆ کۆمپانیاکانە و نیوەکەى ترى کەس نازانێت چی لێدێت.

چۆمان محەمەد، ئەندامى جڤاتى نیشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان بڵاویکردەوە، لەدوای راوەستاندنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە، لەڕێی تانکەر و ساغكردنەوەی لە بازاڕی ناوخۆدا رۆژانە ۳٠٠ هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشرێت، نرخەكەی لەنێوان ۳٥ بۆ ٤٠ دۆلارە بەپێی سروشتی حەقلەكان.

دەشڵێت: نیوەی پارەكە بۆ كۆمپانیاكان دەڕوات، نیوەكەی تری هیچ كەسێك نازانێت ئاخۆ چۆن خەرج دەكرێت، نە بۆ موچەیە نە بۆ پرۆژە نە بۆ خزمەتگوزاری و ئاوەدانییە، نە بۆ خەرجی بەکاربردن، ئێستاش پەرلەمانی كوردستان نەماوە، دیوانی چاودێری دارایی و داواكاری گشتیش رۆلەكانیان زۆر سنوردارە، پڕ بەگەروش هاواربكرێت بۆپرسیار لەم بوارەی پەیوەست بە سامانی گشتیەوە هەیە، هیچ وەلامێك دەست ناكەوێت.

ئاماژە بەوەدەکات، ئەم پرسە بۆتە عەیبەیەكی گەورە بۆ شێوازی حكومڕانی و ئیدارەی هەرێمی كوردستان، چونکە رێگەی فرۆشتن و شێوازەكەی بەقاچاغبردنێكی زۆر ئاشكرایە، داهاتەكەش بۆ حیزبە دەسەڵاتدارەكانە، مانەوەی ئەم دۆخە بۆ یەكێتی و پارتی ئاساییە، بەڵام نەبوونی هەڵوێست و دیدێكی راشكاوانە لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕان وتیمی وەزاریەكەوە رەخنەیەكی یەكجار جدی و رەوایە چونكە بێدەنگی لەئاست ئەم تاڵانكارییە زۆر بەخەمە.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085