
هەرچەندە بڵاوكردنەوەی هەواڵی چەواشەكارانە و نابەرپرسیارانە بۆتە كار و پیشەیی رۆژانەتان و خۆمان ناخەینە ئەو ئاستە كە وەڵامی ئەو جۆرە چەواشەكاریانە بدەینەوە بەڵام چەند رۆژێك دەبێت بەشێوەیەكی سەیر و سەمەرە خۆتان شپرزە كردووە، گوایە كۆمپانیایەكی نزیك لە یەكێتی سەرقاڵی تێكدانی دوو گردی نزیك لە گۆیژەن و دەیكەن بە پرۆژەی نیشتەجێ بوون. ئێمە سەرەتا وەك میدیای یەكێتی بەتایبەت كەناڵی گەلی كوردستان، نامانەوێ قسە لەسەر لایەنی ئەرێنی و نەرێنی ئەو پرۆژەیە بكەین، ناشمانەوێ لەسەر یاسایی بوون و نایاسایی بوونی بكەین، ناشمانەوێ قسە لەسەر زیان و سودی ئەم پرۆژەیە بۆ شارەكە بخەینە بەر باس، و ئەو بابەتە بۆ رۆژگار جێی دەهێڵین، بەڵام دەبێت ئەو راستییە بدركێنین، كە ئەوە ئێوە و حزبەكەتان بوون پێشتر ئەو ئاوەتان رشتووە و لە شەقامی مەلیك مەحمودەوە دەستتان پێكردەوە لە دروستكردنی گوندی ئەڵمانی یەك، پاشان گوندی ئەڵمانی دوو، پاشانیش گوندی ئەڵمانی سێ تا دەگاتە بناری شاخی گۆیژە، وەك خۆتان لە ریكلامەكانتان دەڵێن، بەرزترین و جوانترین و دڵفڕێنترین شوێنی شاری سلێمانی و بە دڵی شارە حەیاتەكە ناویدەبەن، بۆیە ئەگەر دروستكردنی شوێنی نیشتەجێ بوون لەسەر گردەكان تاوان بێت، دزی بێ، داگیركاری بێت، دەست گرتن بەسەر موڵكی گشتیدا بێت، گۆڕینی سیما و شێوەی شار بێت، پیسكردنی ژینگە بێت، بۆ بەرژەوەندی حزبی و شەخسی بێت، ئەوا نزیكەی بیست ساڵ دەبێ ئێوە دەستپێشخەریتان كردووە و خودی كەناڵەكەشتان كە فرمێسكی تیمساحی بۆ گردەكانی سلێمانی دەرێژێت، لەگەڵ سەدان ڤیلا و باڵەخانەی بەرزی دیكە لەسەر گەورەترین و بەرزترین و ستراتیژیترین شوێنی ئەم شارە دروستكراوە. بۆیە لە ئێوە دەپرسین ، ئەگەر ئەم هات و هاوارەی ئێوە لە پەرۆشیتانە بۆ ئەم شارە، دەفەرموون لە خۆتانەوە دەست پێ بكەن.