سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕەتیدەکاتەوە موشەک لە خاکی عێراقەوە رەوانەی ئیسرائیل کرابێت و دەڵێت: ڕێگە نادەین ھیچ لایەنێکیی ناحکومی عێراق بخاتە ناو جەنگەوە.
لە دیدارێکدا لەگەڵ کەناڵی CNN محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: ھیچ موشەک و درۆنێک لە عێراقەوە ئاڕاستەی ئیسرائیل نەکراون، بەدڵنیاییەوە ئێمە ڕێگە نادەین بە ھیچ لایەنێکی ناحکومیی خاکی عێراق بەکاربھێنێت و عێراق بخاتە ناو جەنگەوە. ئێمە ڕێکاری یاسایی دەگرینەبەر بۆ سەلامەتی و ئاسایشی عێراق.
لەبارەی ئەرکی ھاوپەیمانانەوە سودانی ڕایگەیاند ھاوپەیمانان لەسەر داوای حکومەتی عێراق ھاتوون بەڵام لە ساڵی ڕابردوەوە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکا دەکەین لەبارەی کشانەوە ھێزەکانیانەوە.
وتیشی: لەئێستادا چیتر داعش ھەڕەشەیەک نییە بۆسەر عێراق، لەبەرئەوە بەشێوەیەکی سروشتی دامودەزگاکانی عێراق ئەرکە ئەمنییەکان دەگرنەدەست. بەوشێوەیەش ھیچ ھۆکارێک نەماوەتەوە بۆ مانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق لەکاتێکدا ھێزە ئەمنییەکانمان لەئاستێکی زۆر بەتوانادان و ئامادەن بۆ پاراستنی ئەمنیەت و سەروەری یاسا. بەڵام لەھەمانکاتدا ھەماھەنگی درێژخایەنمان دەبێت لەگەڵ ئەمەریکادا.
