هاووڵاتییەکی ئەمەریکا بە تۆمەتی ئەشکەنجەدان و ڕفاندنی هاووڵاتییەکی ئیستۆنی لە ساڵی 2015 بە هاوکاری هێزە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان و قاچاخچێتی چەک بۆ ئەو هەرێمە، لە ئەمەریکا سزای 70 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێندرێت.
لە هەواڵێکدا کە لە ماڵپەڕی نووسینگەی کاروباری گشتی لە وەزارەتی دادی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە، 15ی مانگی چوار بڵاوکراوەتەوە، هاتووە هاووڵاتییەکی ئەمەریکا بە ناوی ڕۆس ڕۆجیۆ، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ پەرەپێدان بە کارگەیەکی بەرهەمێنانی چەک لە هەرێمی کوردستان و سپیکردنەوەی پارە و ڕفاندن و ئەشکەنجەدانی کەسێکی خەڵکی ئیستۆنیا بە هاوکاری هێزە کوردییەکانی عێراق، سزای 70 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە.
بە گوێرەی بەڵگەنامەکانی دادگا و ئەو بەڵگانەی لە دادگاییکردنەکەی ئەو هاوولاتییە ئەمەریکاییەدا خراوەتەڕوو، ڕۆس ڕۆجیۆی تەمەن 55 ساڵ کە خەڵکی شاری ستراودسبێرگی ویلایەتی پێنسیلڤانیایە، چەند ساڵ پیش ئێستا داوای لە هاوبەشە کوردەکانی کردووە قوربانییەکە بفڕێنن و لە بنکەیەکی سەربازیدا ڕایبگرن. قوربانییەکە دوای ڕفاندنی بۆ ئەو بنکەیە بۆ ماوەی 39 رۆژ بە شێوە جیاوازەکانی وەک هەوڵی خنکاندن، هەڕەشەی بڕینی پەنجە و لێدان و سوکایەتیپێکردن لەلایەن ڕۆس وهاوبەشە کوردەکانی ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی بووەتەوە.
