
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، پرۆژەی هەژماری من لە پرسی مووچەدا "ئەولەویاتی" حکومەتی هەرێمی کوردستانە و هەر چارەسەرێک لە نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر حسابی پڕۆژەی هەژماری من ڕەتدەکەنەوە.
پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەژماری من یەکێکە لە ئەولەویاتەکانی حکومەتی هەرێم و بەلایەوە گرنگە، گەر هەژماری من قەبوڵ نەکرێت جۆرێکە لە بیانوو گرتن و گێچەڵ کردن، چونکە ئەوەی لەناو هەژماری مندا هەیە زۆر زیاترە لەوەی لە عێراق کراوە و پێیدەوترێت تەوتین [بە نیشتیمانی کردن]."
چاوەڕوان دەکرێت لەماوەی داهاتوودا وەفدێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بۆ گفتووگۆکردن لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق. چارەسەرکردنی کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر هەژماری من و پرسی بە ئەلیکترۆنی کردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم یەکێک دەبێت لەتەوەرەکانی گفتووگۆی نێوانیان.
پێشەوا هەورامی ڕایگەیاند، "تەوتین تەنها کارتێکی مووچەوەرگرتنە نەک هەژماری بانکی و بەشێک لەو بانکانەش نیشانەی پرسیاریان لەسەرە، بۆیە بەدوای چارەسەرێکدا دەگەڕێین و چارەسەرەکەش لەسەر حسابی دەستبەرداربوون نییە لەهەژماری من. فەرمانبەری عێراق سەرپشک کراوە لە بانکی ئەهلی یان حکومی تەوتین بکات، بۆچی بۆ فەرمانبەری هەرێم ئەمە سنوردار کراوە؟"
هەژماری من کە حکومەتی هەرێم دەیەوێت لە ڕێگەیەوە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش بکات، تا ئێستا 6 بانک چوونەتە نێویەوە کە بریتین لە بانکەکانی ئارتی بانک، جیهان، بیبلۆس، بانکی ئیسلامی عێراقی، بانکی ئەهلی عێراقی و بانکی بەغدا.