موقتەدا سەدر ناوی ڕەوتەكەی بۆ (ڕەوتی نیشتیمانیی شیعی) دەگۆڕێت
موقتەدا سەدر ناوی ڕەوتەكەی دەگۆڕێت و هەنگاو بۆ دووبارە هاتنەوە ناو كایەی سیاسیی عێراق دەنێت.
لە نووسراوێكدا كە بە دەستوخەتی خۆی بڵاوی كردووەتەوە، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ئاینیی شیعەكان و ڕابەری ڕەوتی سەدر، یەكێك لە فەرماندەكانی خۆی لە ڕەوتەكەی دەردەكات بەڵام لە نووسراوەكەدا لەبری (ڕەوتی سەدر)، زاراوەی (ڕەوتی نیشتیمانیی شیعیی) بەكار هێناوە، ئەمەش دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە.
دوای بڵاوكردنەوەی نووسراوەكە لە هەژماری خۆی لە پێگەی ئێكس، هەژمارەكانی دیكەی سەر بە موقتەدا سەدر بە شێوەیەكی بەرفراوان ناوی (ڕەوتی نیشتیمانیی شیعی)یان بڵاو كردەوە، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ گۆڕانی ناوی ڕەوتی سەدر.
هەروەها بەناڕاستەوخۆ ئاماژەیە بۆ ئەوەی چالاكوانانی ڕەوتەكە بچنەوە ناو لایەنگرانیان و زیزبووانیش بگەڕێنەوە.
هەنگاوەكەی موقتەدا سەدر لەكاتێكدایە ئاڕاستەیەك لەناو ڕەوتەكەیدا هەیە بۆ ئەوەی دووبارە ڕوو لەكاری سیاسیی بكەنەوە، هاوكات هەبوونی پاشگری (شیعە) بە ناوی ڕەوتە نوێیەكەی سەدرەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەم سەركردە سیاسییە لە هەنگاوی كاری نوێیدا لەڕابردوو زیاتر مەزهەبییانە دەردەكەوێت و كار بۆ ئەوە دەكات میراتی دەنگی شیعەكانی عێراق بۆ ڕەوتەكەی خۆی بچنێتەوە.
