نوێترین

recent

13/04/2024

ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا یەكلای بووەتەوە و جارێكی دیكە گفتوگۆی لەبارەوە ناكرێت



ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات یەكێتی بە هێزەوە خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئامادەكردووە و لە ئاییندەیەكی نزیكدا كۆبوونەوە دەكەین بۆ دیاركردنی دروشم و بەرنامە و ستراتیجی یەكێتی بۆ ئەم هەڵبژاردنە، جەختیش دەكاتەوە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بابەتێكە لە هەموو كۆبوونەوەكانی سەرۆكی یەكێتی لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا جەختی لێكراوەتەوە.

ستران عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نشتیمانی كوردستان ڕایگەیاند: بەشێك لە سیاسەتی یەكێتی ئەوەیە كە بەردەوام لە بەغدا ئامادەییمان هەبێت ئەوەش بەمەبەستی چارەسەركردنی ئەو كێشەو گرفتانەی كە لەنێوان هەولیر و بەغدا دروست دەبن بەتایبەت لە بابەتی مووچە و بودجەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و خۆشبەختانەش هەوڵەكانی سەرۆكی یەكێتی و تیمی یەكێتی لە پەرلەمان و حكومەت لە بەغدا ئەنجامی زۆرباشی هەبوو كە دەبێت ئەو كێشانەی هەیە بە گفتوگۆ چارەسەربكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە دواین كۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا كە سەرۆكی یەكێتی ئامادەی هەبوو باسی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نەكراوە، چونكە ئەوە بابەتێكە یەكلایی بووەتەوە كە لە كاتی خۆیدا دەكرێت كۆمسیۆن و سەرۆكایەتی هەرێم كاتەكەیان دیاریكردووە، هێزو لایەنە سیاسییەكانیش ناوو لیستی خۆیان پێشكەشكردووە و ئامادەی ئەم زەماوەندە دیموكراسییەن بۆیە لەو كۆبوونەوانەدا باسی ئەو شتانە ناكرێت كە یەكلایی كراونەتەوە.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، یەكێتی نیشتمانی كوردستان خۆی بۆ هەڵبژاردن ئامادەدەكات و لە ئاییندەیەكی نزیكیدا كۆبوونەوە دەكرێت لەسەر بەرنامە و دروشم و ستراتیجی یەكێتی بۆ ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی كوردستان، هاوكات خواستی یەكێتیش ئەوەیە كە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەر بەڕێوەبچێت كە ببێتە هۆی گەڕانەوەی متمانە بۆ دەنگەدەران.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085