نوێترین

recent

13/04/2024

شێخ ‏نەهرۆ ‏: ‏حزبایەتی ئەوە ناهێنێت سەنگەر لە یەک بگرین و یەکتر بکوژین


شێخ نەهرۆ کەسنەزانی، سەرۆکی تەریقەتی عەلیەی قادری کەسنەزانی رایگه‌یاند، لە ڕابردودا پرۆژەیان هەبوە، بەڵام بۆ ئەوەی نەبنە فیتنە لە نێوان هیچ لایەنێک، هەڵویستیان گۆڕاوە و لە ئێستادا خۆیان لە هەردو حزبی باڵادەست لە هەرێم بە دورگرتوە، هاوكات داوای هاوهەڵویستی و تەبایی لە نێوان لایەنە سیاسیەکانی هەرێمیش دەکات و دەڵێت، "حزبایەتی ئەوە ناهێنێت سەنگەر لە یەک بگرین و یەکتر بکوژین".

شێخ نەهرۆ کەسنەزانی له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندوه‌، "ئێستا خۆم لە هەردو لایەنەکە بە دورگرتوە لە سەرەتادا هەندێك هەوڵماندا، بەڵام نەکرا، ئێمە نە پێویستی سیاسی و نە ماددیی و نە مەعنەویمان هەیە، ئێمە پێویستی مەعنەویمان لای خوای گەورە و حەزرەتی محمد و عەلی و استازەکانمانەوەیە، بەڵام ئێمە وەک واجبی سەرشانمان هەستاین بەو هەنگاوانە".

تەریقەت هەمیشە پاڵپشتی میللەت بوە پاڵپشتی ئەوانە بوە کە زوڵمیان لێکراوە.

وتیشی، "تەریقەت هەمیشە پاڵپشتی میللەت بوە پاڵپشتی ئەوانە بوە کە زوڵمیان لێکراوە، ئێستا ئێمە بێینە سەر ئەوەی زوڵم لە ناوماڵی خۆمان بکرێت ئیتر هی ئەوە نییە زیاتر بڕۆین، بۆ ئەوەی نەبینە فیتنە لە نێوان هیچ لایەنێک بۆیە ئێستا ئێمە هەڵوێستێکی ترمان هەیە".

شێخ لە پێناو "چاکەی گشتیدا" کوردستانی بەجێهێشتوە و تەنها لە بۆنەکاندا دەگەڕێتەوە سلێمانی

لە ماوەکانی ڕابردودا وابڕیاربو چەند کەسایەتیەکی سەر بە تەریقەتی کەسنەزانی قەوارەیەکی سیاسی نوێ دروست بکەن و بەشداری هەڵبژاردنی داهاتوی هەرێم بکەن، بەڵام دوای ماوەک شێخ نەهرۆ کوردستانی بەجێهێشت، ڕۆژی 12ی مانگی 7ی 2023 نوسینگەی شێخ نەهرۆ ڕایگەیاند، شێخ لە پێناو "چاکەی گشتیدا" کوردستانی بەجێهێشتوە و تەنها لە بۆنەکاندا دەگەڕێتەوە سلێمانی.

نوسینگە تایبەتیەکەی شێخ نەهرۆ هۆکاری بەجێهێشتنەکەی شێخیشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی "ناکۆکی لە نێوان یەکێتی و پارتی بەشێک لەلایەنە سیاسیەکاندا هەبوە و شێخ هەوڵی نێوەندگیری داوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی هەوڵەکان سەرکەوتو نەبون تاوانباریش کراون، بۆیە شێخ بڕیاریداوە سلێمانی بەجێبهێڵێت".

ناکۆکیەکان گەشتە ئەوەی لە 18ی مانگی 7ی هەمان ساڵیش بە تۆمەتی بەکارهێنانی هێزێک بە ناوی "هێزە خۆبەخشەکەی گەرمیان" داگای دوزخورماتو فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دو لە کەسە نزیکەکانی شێخ دەربکات.

دوای نۆ مانگ لە بەجێهێشتنی سلێمانی9ی ئەم مانگە شێخ نەهرۆ گەڕایەوە سلێمانی

دوای نۆ مانگ لە بەجێهێشتنی سلێمانی وا بڕیاربو ڕۆژی 8ی مانگی 4 شێخ نەهرۆ بگەڕێتەوە سلێمانی، بەڵام بە هۆی دەستگیرکردنی دو لە نزیکەکانی بە ناوی سەربەست ساڵح و کەمال کوبەیسی، سەفەرەکەی دوا کەوت و ڕۆژی سێشەممە 9 ی 4 شێخ نەهرۆ کەسنەزانی گەڕایەوە سلێمانی و بە بەشداری هەزاران کەس لە دەروێشان و موریدانی لە تەکیەکەی خۆی مەراسیمی زیکر و بەخێرهاتنەوەی بۆ سازدرا.

 حزبایەتی ئەوە ناهێنێت سەنگەر لە یەک بگرین و یەکتر بکوژین

شێخ نەهرۆ باسی له‌وه‌شكرد، "پەیاممان ئەوەیە بۆ خەڵکی هەرێم بە حوکمی ئەوەی کورستان لە ڕوی جیۆپۆڵەتیکەوە هەستیارە ئەبێ هەمە ئەو کەسانەی پەیامە سیاسیەکەیان لە هەرێم هەڵگرتوە لە سەر یەک وەتەر ئیش بکەن، هەتا ئەگەر جیاواز و ڕەنگاو ڕەنگ بن، بەڵام حزبایەتی ئەوە ناهێنێت سەنگەر لە یەک بگرین و یەکتر بکوژین".

حزبی کوردی ئەرکیەتی کە ڕوئیایەکی هاوبەشیان هەبێت و بتوانن چۆن لە نێوان ئەم ئاڵەنگاریە گەورانەی لە ناوچەکە هەیە کوردی تێنەئاڵێنن

ئه‌وه‌شی وت، "دەبێت منافەسەمان ئەوەبیت کە خزمەتی میللەتەکەمان بکەین ئەو خزمەتە دەبێتە پەیام بۆ جیهان و بۆ وڵاتانی ئیقلیمی وەک ئێران و تورکیا یان وڵاتانی عەرەبی کە درواسێی عێراقن، حزبی کوردی ئەرکیەتی کە ڕوئیایەکی هاوبەشیان هەبێت و بتوانن چۆن لە نێوان ئەم ئاڵەنگاریە گەورانەی لە ناوچەکە هەیە کوردی تێنەئاڵێنن و بیخەنە چاڵێکی ترەرە دەبێ بە گوێی یەکتر بکەن، بە ڕای من پێم باشە لیژنەیەکی باڵای سیاسی هاوبەش لە نێوان هەمو حزبەکان دابنرێت لەگەڵ حکومەت کە بتوانن پلانێک و نەخشەی سیاسی هاوبەش دابنێن کە چی لە بەرژەوەندی میللەتەکەمانە و زیان لە میللەتەکە دور بخەنەوە".

سەرەڕای نیگەرانیەکانی لە ڕابردودا، بە قسەی خۆی گەڕانەوەی شێخ نەهرۆ بۆ بەشداریکردنە لە ساڵیادی لە دایک بونی (شێخ محەمەد کەسنەزانی) باوکی کە دەکاتە ڕۆژی 15ی مانگی 4، بەڵام شێخ نەهرۆ دەڵێت، "ئێستا کە هاتومەتەوە بۆ ئەم مەراسیمە بۆ بەشداریکردنمانە لە یادی لە دایکبونی ئوستازمان شێخ محەمەد کەسنەزانی، بەڵام هێشتا بڕیاریشمان نەداوە بۆنەکە لە بەغدا یان لە سلێمانی بکەین".
Picsart-24-02-23-21-31-09-085