ئەمڕۆ یەکشەممە 14-04-2024 محەممەد باقری، سوپاسالاری ئێران لەبارەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکەی شەوی رابردوویان بۆ سەر ئیسرائیل رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی (وعد صادق) بە سەرکەوتوویی هەموو ئامانجەکانی خۆی پێکا.
محەممەد باقری هۆکاری هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بە "بەزاندنی هێڵی سوور لەلایەن رژێمی زایۆنی"یەوە ناوبرد و گوتی، "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا ناوەندێکی گەورە کرایە ئامانج، کە زانیاریی بۆ هێرشی زایۆنییەکان کۆدەکردەوە. هەروەها بنکەی ئاسمانیی (نەواتیم)یش کە هێرشی کردبووە سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق، کرایە ئامانج و هەردوو بنکەکە لەکارکەوتن."
سوپاسالاری جەختی لەوە کردەوە، ئەوان ئامانجی خۆیان لە هێرشەکەدا پێکاوە و هێرشی دیکە ناکەن، "بەڵام ئەگەر رژێمی زایۆنی بیەوێت وەڵامی هێرشەکەمان بداتەوە، ئۆپەراسیۆنێکی بەربڵاوتر دەستپێدەکەن."
شەوی شەممە 13-04-2024 تاوەکو بەرەبەیان، ئێران لە رێگەی نزیکەی 300 درۆن و مووشەکی کروزەوە هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، بەڵام سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەکە زیانێکی ئەوتۆی نەبووە و 99%ی مووشەک و درۆنەکانیان خستوونەتە خوارەوە.
هێرشەکە دوای ئەوەدا هات رۆژی 01-04-2024 کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کرایە ئامانج و حەوت کەس، کە دووانیان فەرماندە و ئەوانی دیکەش راوێژکاری سەربازیی ئێران بوون، کوژران؛ ئێران تۆمەتەکەی خستەپاڵ ئیسرائیل و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی کرد.
بەشێک لە درۆن و مووشەکەکانی شەوی رابردووی ئێران بە ئاسمانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕبوون، کە ژمارەیەکیان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکاوە لە سنووری سلێمانی و هەولێر خرانەخوارەوە.
