بەپێی ڕێکارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕۆژی ١٠ی حوزەیران هەڵبژاردنی ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان، لیستی کاندیدانی حیزبەکەی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن پێشکەش نەکردووەو بەپێی ڕاگەیاندراوێکی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە بڕیاری بایکۆتیی هەڵبژاردنیانداوە و بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن چەند مەرجێکیان خستووەتەڕوو.
بەپێی زانیارییەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان چاوەڕێ بوو کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەهۆی بەشداری نەکردنی پارتی لەو هەڵبژاردنە ڕێککارەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن ڕابگرێت. بەڵام بە پێچەوانەی پێشبینییەکانی ئەو حیزبە کۆمسیۆن بەردەوامە لە هەنگاوەکانی.
بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە کە پارتی بۆ شکستپێهێنانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پلانێک جێبەجێ بکات. پلانەکەش ئەوەیە کە ڕۆژێک بەر لە هەڵبژاردن سەرجەم بەرپرسی وێستگەکانی دەنگدان لە پارێزگای هەولێرو دهۆک بایکۆتی کارەکانیان بکەن. بەمەش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەستەم دەبێت.
