سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، دوای جەژن وردبینی لەناوی کاندیدەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت.
حاکم عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە میدیای یەکێتی راگەیاند، دوای تەواوبوونی پشووەکانی جەژن وردبینی لەناوی کاندیدەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت، ھەر کاندیدێک مەرجەکانی تیادا نەبێت دووردەخرێتەوە.
باسی لهوەشکردووه، ئەگەر لە وردبینییەکەدا هەر کاندیدێک دوورخرایەوە دەبێت لایەنەکان لەدوو رۆژدا ناوی کاندیدی دیکە پێشکەش بکەن.
سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق راشیگەیاند: دوای پەسەندکردنی ناوی کاندیدەکان بانگەشەی ھەڵبژاردن دەستپێدەکات و پێدەچێت زیاتر لە مانگێک بخایەنێت.
ئەم لێدوانەی سەرۆکی کۆمسیۆن لە کاتێکدایە پارتی دیموکراتی کوردستان لیستی ناوی کاندیدەکانی رادەستی کۆمسیۆن نەکردووه، تا ئەم ساتەش وا دەردەکەوێت بایکۆتی هەڵبژاردن بکات ئەگەر ئەو مەرج و تێبینییانەی هەیەتی بەهەند وەرنەگیرێت و جێبەجێنەکرێت.
