سودانی ڕەزامەندی لەسەر هەژماری من نیشانداوەو تەیف سامی چاوەڕێی ڕونکردنەوەی دادگای فیدڕاڵییە
محەمەد شەیاع سودانی، ڕەزامەندی داوە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ڕێی پڕۆژەی هەژماری من دابەشبکرێت و تەیف سامی وەزیری داراییش پێی وایە پێویستە لەم ڕووەوە دادگای فیدڕاڵی ڕوونکردنەوەیان پێشکەش بکات.
بەپێی ئەو زانیاریانەی ماڵپەڕی بوار بڵاویکردۆتەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر داوای بەرپرسانی باڵای هەرێم لە چەند ڕۆژی ڕابردوو وەک چارەسەرێکی ناوەندی ڕەزامەندی نیشانداوە بۆ دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم سود لە پڕۆژەی هەژماری من وەربگیرێت.
بەپێی زانیارییەکان، تەیف سامی وەزیری دارایی حکومەتی عێراق لەبەرامبەر نیشاندانی ڕەزامەندی سەرۆک وەزیراندا پێی وابووە تەنیا ڕەزامەندی سەرۆک وەزیران بەس نییە بۆ ئەوەی لە ڕێی پڕۆژەی هەژماری من موچەی فەرمانبەران دابەش بکرێت، چونکە بەپێی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی دەبێت لە ڕێی بانکەکانی عێراق موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەشبکرێت.
تەیف سامی پێی وابووە کە دەبێت دادگای فیدڕاڵی بە نوسراو ڕونکردنەوەیان لەسەر ئەو پرسە پێشکەش بکات و لە ڕونکردنەکەدا ڕێگە بدرێت بەوەی کە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ڕێی پڕۆژەی هەژماری من دابەش بکرێت. ئەمەش بۆ ئەوەی لە ڕووی یاساییەوە توشی هیچ کێشەیەک نەبێت.
تەیف سامی، ترسی هەبووە بە تەنیا بە نیشاندانی ڕەزامەندی سەرۆک وەزیران موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ڕێی پڕۆژەی هەژماری من دابەش بکرێت، جارێکی دیکە لە دادگای فیدڕاڵی بە تۆمەتی پێشێلکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی سکاڵای لە دژ تۆماربکرێت و ڕووبەڕووی سزای یاسایی ببێتەوە.
چاوەڕێ دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوو لەسەر ئەو پرسە حکومەتی عێراق داوای ڕونکردنەوە لە دادگای فیدڕاڵی بکات بۆ ئەوەی ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە.
