نوێترین

recent

26/03/2024

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان راگەیەندراوێكی لەبارەی نەوتی هەرێم بڵاوكردەوە

ساڵێک بەسەر ڕاگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیھان تێپەڕیوە. حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٣ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت رێککەوتن، بەڵام وێڕای ئەم رێکەوتنەش ھەناردەی نەوت دەستی پێ نەکردووەتەوە و، بەھۆی بڕگە نادادپەروەرییەکانی یاسای بودجەوە پرۆسەکە زیاتر ئاڵۆز کراوە. پیشەسازیی نەوتی ھەرێم لە رێگەی وەبەرھێنانی دەرەکی و بەبێ خەرجکردنی یەک دینار لە بودجەی وڵات دامەزراوە، کەچی لە یاسای بوودجەدا بە ھاوشێوەی ئەو پیشەسازییەی نەوتی عێراق ھەژمار کراوە، کە لەسەر ملیارەھا دۆلار لە بودجەی گشتیی وڵات دامەزراوە. ئەو بڕە پارەیەی بۆ (بەرھەمھێنان و گواستنەوە)ی نەوتی ھەرێم تەرخانکراوە، بەھیچ شێوەیەک لەگەڵ تێچوونی راستەقینەی پرۆسەی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی نەوت لە ھەرێمی کوردستان ناگونجێت.

حکومەتی ھەرێم لە سونگەی نییەتپاکی و بۆ چارەسەکردنی کێشەکان بڕی زیاتر لە ١١ ملیۆن بەرمیل نەوتی رادەستی حکومەتی فیدراڵ کرد، تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت یەک دیناری وەرنەگرتووە، بۆ ئەوەی بتوانێ شایستە داراییەکانی کۆمپانیا بەرھەمھێنەرەکانی نەوت بداتەوە.  

نەوتی ھەرێم تەنھا لە (١٠%)ی نەوتی ھەناردەکراوی عێراق پێک دەھێنا و داھاتی ئەم نەوتە تەنھا بەشێک لە شایستە داراییەکانی خەڵکی ھەرێم لە بودجەی گشتیی وڵات بوو. ھەر لە دوای ڕاگرتنی ھەناردنی نەوتی ھەرێم، ھەرێمی کوردستانیان خستووەتە ناو قەیرانێکی دارایی توندەوە، کە بەھۆیەوە پێدانی موچەکانی فەرمانبەرانی ھەرێم دواکەوتووە، لە کاتێکدا ئەو کات بە پارەی نەوتەوە مانگانە مووچەی فەرمانبەران بەبێ دوا کەوتن دەدرا. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و گەیشتن بە رێککەوتنێک سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی ھەوڵەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت دەستپێکردووە، بۆ ئەم مەبەستەش ھەردوو وەزارەتی نەوتی حکومەتی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕاسپێردراون بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگ و گرفتی بەردەم دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم .
Picsart-24-02-23-21-31-09-085