نوێترین

recent

01/02/2024

شێخ جەعفەر مستەفا: با خوێنی شەھیدان و کەمئەندامانی سەنگەر بکەینە ھێزی بەدەستھێنانی مافە دەستوورییەکانمان.

 


شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: با خوێنی شەھیدان و کەمئەندامانی سەنگەر بکەینە ھێزی بەدەستھێنانی مافە دەستوورییەکانمان
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پەیامێکی بۆ ساڵیادی شەھیدانی یەکی شوباتدا بڵاوکردەوە و دەڵێت، ھیواخوازم ڕەنج و خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان نەکرێتە قوربانی بەرژەوەندییە تایبەتییەکان، با خوێنی شەھیدان و کەمئەندامانی سەنگەر بکەینە ھێزی بەدەستھێنانی مافە دەستوورییەکانمان، چونکە بەرژەوەندی گشتیی لێمان دەخوازێت کە گیانی برایەتیی و یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەکان گرنگە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان.
پەیامی جێگری سەرۆکی ھەرێم لە ساڵیادی شەھیدانی یەکی شوباتدا....
ساڵیادی شەھیدانی یەکی شوبات، یادەوەرییەکی پڕ لە داخ و ئازارە بۆ ھەموو لایەکمان، کە تیایدا کۆمەڵێک لە ھەڤاڵ و سەرکردە و پێشمەرگە و خەڵکی مەدەنی بوون بە قوربانی خاک و نیشتیمان، بە بێ دیاریکردنی ڕەنگ و ئایدیا و دروشم لە لایەن تیرۆریستانی تاریک پەرستەوە کرانە ئامانج، لێرەوە سەری ڕێز و وەفا بۆ یەکە یەکەی شەھیدانی ئەم کارەساتە لە بیرنەکراوە و گشت شەھیدانی کوردستان و خۆڕاگری خانەوادە سەربەرزەکانیان دادەنەوێنم.
بە داخەوە ئەوەی لە پشت ئەو کردەوە قێزەونانەوە دەکرێتە ئامانج تەنھا شەھید بوونی ڕۆڵەکانمان نیە، بەڵکو لە دیدگای دوژمنانەوە ئامانج تیایدا سڕینەوەی شوناسی نەتەوەی کورد و کوردستانە، گرنگە لێرەدا سەرکردایەتیی کورد درک بەو واقیعە بکات کە دوژمنان لە ڕابردوو و ئێستاشدا ئامانجیان لەناوبردنمان بووە و دەبێت، بۆ ھەمیشە ھەڕەشە و مەترسی دەبن بۆ سەر خاک و نیشتیمانمان.
ھیواخوازم ڕەنج و خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان نەکرێتە قوربانی بەرژەوەندییە تایبەتییەکان، با خوێنی شەھیدان و کەمئەندامانی سەنگەر بکەینە ھێزی بەدەستھێنانی مافە دەستوورییەکانمان، چونکە بەرژەوەندی گشتیی لێمان دەخوازێت کە گیانی برایەتیی و یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەکان گرنگە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان، ھەروەھا باشبوونی ژیان و گوزەرانی خەڵک بکەین بە کاری لە پێشینەمان، وەک قەرەبوویەک بۆ ئەو نەھامەتیەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا چەشتوویانە
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٤/٢/١
Picsart-24-02-23-21-31-09-085