نوێترین

recent

29/10/2023

ئیسرائیل داوایەکى بەپەلە لە هاوڵاتیانی غەززە دەکات.

 



سوپاى ئیسرائیل لە پەیامێکدا داوا لە خەڵکى غەززە دەکات بە شێوەیەکى کاتى بەرەو باشوور بڕۆن و شوێنەکانیان بەجیبێڵن.

لە رۆژی 23ی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا، ئیسرائیل لە دەریا، ئاسمان و وشکانییەوە هێرشی کردە سەر چەندین ناوچە و بۆردوومانەکانی بوونە هۆی گیانلەدەستدانی چەندین کەس لە باکوور و نێوەڕاستی کەرتی غەززە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، تەندروستى غەززە ئامارى نوێى قوربانیانى راگەیاند، بە پێى ئامارەکە تا ئێستا هەشت هەزار و پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە کە تێیاندا سێ هەزار و 324 منداڵ هەن، لەگەڵ 116 کارمەندى پزیشکى و دوو هەزار و 62 ژن، هاوکات بەهۆى هێرشەکانەوە

25 ئەمبۆلڵاتس کراونەتە ئامانج،  57 دامەزراوەى تەندروستى کراونە ئامانج.

لە ئیسرائیلیش زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژراون کە 310 کەسیان سەرباز بووە، حەماسیش زیاتر لە 222 ئیسرائیلی بە دیل گرتووە.

لە پەیامێکدا سوپاى ئیسرائیل  لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند؛ دەبێت بە شێوەیەکی کاتی خەڵکی مەدەنی لە باکووری غەززە  بچنە باشووری وادی غەززە، بەرەو ناوچەیەکی سەلامەتتر تاوەکو بتوانن ئاو و خۆراک و دەرمانییان دەستبکەوێت.

هاوکات کەتیبەکانی قەسام، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێکدا ئەوەیان خستەڕو؛ توانیویانە پێشڕەوی و هێرشی زەمینیی ئیسرائیل لە بەیت حەنون و رۆژهەڵاتی بریج، بوەستێنن، بەڵام شەڕ و پێکدادانی توند بەردەوامیی هەیە.

رۆژی (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) لیواکانی عزەددین قەسام باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی “باهۆزی ئەقسا”یان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکییان ئاراستەی هەریەکە لە شارەکانی تەلئەڤیڤ و سیدۆرت و بیئر سەبع کردووە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان لەو شارانەی باشووری ئیسرائیل داوە، دواتر ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی چڕی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد کە بەهۆیەوە زیاتر لە دوو هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە 10 هەزار کەسیش بریندار بوون.

Picsart-24-02-23-21-31-09-085