كۆشكی سپی رایگەیاند سەرۆكی ئەمریكا پەیامی بۆ رێبەری ئێران ناردووە.
كۆشكی سپی ئاشكرایكرد جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا پەیامێكی بۆ عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران ناردووە و هۆشداری پێداوە لەبارەی كردنەئامانجی هێزەكانی ئەمریكا لەناوچەكەدا.
هاوكات پات رایدار وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پێنتاگۆن رایگەیاند ئێران بەرپرسیارێتی هێرشەكانی سەر هێزەكانی ئەمریكا لەناوچەكە هەڵدەگرێت.
لەنوێترین هێرشەكانی گروپەكانی سەر بەئێران، ئەمشەو هێزەكانی ئەمریكا لەنزیك فڕۆكەخانەی هەولێر بەدرۆن كرانەئامانج، بەڵام پێنتاگۆن دەڵێت هێرشەكە شكستی پێهێنراوە.
بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریكی، سەرۆكی ئەو وڵاتە تاووتوێی وەشاندنی گورزێكی سەربازی لەو گروپانە دەكات كە هێرشدەكەنەسەر هێزەكانیان لە عێراق و سوریا.
