ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، جارێكی تر بەهای دۆلاری ئەمریكی لە بەرانبەر دیناری عێراقی لە بازاڕەكانی بەغداد پایتەختی فیدراڵیی عێراق بەرز بووەوە، لە هەندێك شوێن نرخی 100 دۆلار گەیشتووەتە 165 هەزار دینار.
پێش كەمێك میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە كە بەهای دۆلار جارێكی بەرانبەر دیناری عێراقی بەرز بووەتەوە.
بەپێی هەواڵەكە، لە بازاڕەكانی مامەڵەكردن بە دراو لە عێراق بێسەروبەرییەكی زۆر دروست بووە و تەنانەت لە هەر ناوچەیەكی بەغدای پایتەختی فیدراڵییش، بە نرخێكی جیاواز مامەڵە بە دراوەوە دەكرێت.
لە هەواڵەكەی میدیاكانی عێراقدا هاتووە كە ئەم ئێوارەیە لە بازاڕەكانی دراو لە ناوچەی شۆرجەی بەغدا 100 دۆلار بە 163 هەزار دینار مامەڵەی پێوە كراوە، لە ناوچەی جەمیلە بە 164 هەزار دینار و لە بازاڕەكانی دراو لە ناوچەی حارسیە بە 163 هەزار دینار.
هەروەها لە بازاڕی سەیدیە 100 دۆلار بە 165 هەزار دینار، لە ناوچەی كەرادە بە 165 هەزار دینار و لە مەنسوریش 100 دۆلاری ئەمریكی بە 164 هەزار دیناری عێراقی مامەڵەی پێ كراوە.
