بەمدواییە ژمارەیەك بەڵگەنامەی تایبەت بە سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لە میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی عێراق بڵاوكرایەوە كە ئاماژە بە بوونی گەندەڵیو خەرجی زیادە دەكەن.
فەرمانگەی راگەیاندن لە سەرۆكایەتی كۆماری عێراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو دەڵێ:" ئەو بەڵگەنامانەی كە دراوەتە پاڵ سەرۆكایەتی كۆمارو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بە بوونی زیادەڕۆیی یاساییو گەندەڵی ئیدارییو دارایی دەكەن".
راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار ئاماژە بەوەدەكات" ئەوانەی لە پشت شێواندنی ئەو بەڵگەنامانەوەن كەسانێكن كە دەیانەوێت زیان بە ناوبانگی دەوڵەتو شكۆی سەرۆكایەتی كۆمار بگەیەنن".
"دەرگای سەرۆكایەتی كۆمار كراوەیە بەڕووی لایەنی لێكۆڵینەوەی تایبەت بە رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی ئیدارییو دارایی، هەموو ئەو كەسانە دەدرێن بە دادگا كە بانگەشەیان كردووە یان بەڵگەنامەكانیان دەستكاری كردووە" راگەیەندوەكەی سەرۆكایەتی كۆمار وا دەڵێ.
دوای دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆك كۆمار، لەتیف رەشید كۆتایی بە كاركردنی ژمارەیەك راوێژكار هێنا كە لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری پێشووەوە بەشێوەی گرێبەست دانرابوون.
دوێنێ دكتۆر عەبدوڵا عەلیاوەیی گەورە راوێژكاری سەرۆكایەتیی كۆمار دەستلەكاركێشانەوەی لە ئەركەكەی راگەیاند بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هۆكارەكەی بدات.
