بڕیارە سەرەتایى هەفتەى داهاتوو مامۆستایان و فەرمانبەرانى بەشێکى زۆرى شار و شارۆچکەکانى هەرێمى کوردستان خۆپیشاندانی سەرتاسەری ئەنجام بدەن، یەکێک لە نوێنەراکانى مامۆستایان دەڵێت، بە بڕیارەکەى وەزیرى پەروەردە خۆپیشاندانەکان فراوانتر دەبن.
مانگێک بەسەر دەستپێکردنى ساڵى نوێى خوێندن تێدەپەڕێت، بەڵام بەهۆى پێنەدانى مووچەکانیان لەوادەى دیاریکراوى خۆیدا، لە سنورى پارێزگاى سلێمانى و ئیدارەى راپەڕین و گەرمیان و پارێزگای هەڵەبجە، پرۆسەى خوێندن دەستى پێنەکردووەتەوە و بایکۆتى مامۆستا و فەرمانبەران بەردەوامە.
ئەمڕۆ پێنج شەممە، وەزارەتی پەروەردەی هەرێم فەرمانێکی وەزاری لەبارەی دەستپێکردنەوەی دەوام لە ناوەندەکانی خوێندن دەرکرد و ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، دەبێت لە رۆژی یەکشەممەى داهاتوو لە پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین خوێندن دەستپێبکاتەوە.
دەشڵێت، مووچە مافی مامۆستایان و فەرمانبەرانە، بەڵام دۆخی خوێندن لەو سنورانە لە مەترسیدایە و مووچە نافەوتێت بەڵام خوێندن دەفەوتێت
نوسراوەکەى وەزیرى پەروەردە لە کاتێکدایە، مامۆستایان و فەرمانبەرانى پەروەردە بریاریانداوە لە گردبونەوە و خۆپیشاندان و بایکۆتکردنى دەوام بەردەوام بن و رۆژى یەک شەممەى داهاتووش خۆپیشاندانى سەرتاسەرى ئەنجام دەدەن.
عادل حەسەن نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی بە ئیرادە میدیاى راگەیاند، رۆژى یەکشەممە لە چەندین ناوچە خۆپیشاندانى سەرتاسەرییان هەیە، لە جیاتى دەوام لەسەر شەقام دەبن.
وتیشى، بەداخەوە ئەوان حەزیان دەکرت وەزیرى پەروەردە چۆن دەسەڵاتەکانى بەکار دەهێنێت بۆ هەڕەشەکردن لە مامۆستایان وەک وەزیرى پیشمەرگە دەسەڵاتەکانى بەکار بهێنایە بۆ پلە بەرزکردنەوەى مامۆستایان و گەرانەوەى شایستە داراییەکانیان، بەڵام بەداخەوە وەزیرى پەروەردە لەئاست داواکانى مامۆستایان کەمتەرخەمە.
بەوتەى ئەو نوێنەرەى مامۆستایانى ناڕازى ئەو زمانەى وەزیرى پەروەردە بەکارى دەهێنێت زمانى دواندنى مامۆستایان نییە و ئەو جۆرە قسەکردنە بەشێکە لە شکاندنى شکۆى مامۆستایان. جەختیکردەوە خۆپیشاندان و بایکۆت بەردەوام دەبێت و هیچ گۆرانکارییەک لە هەڵوێستەکانیان ناکرێت و چاوەرواندەکرێت دواى هەڕەشەکانى وەزیریش خۆپیشاندانەکان فراوانتر بن
ئەوە لەکاتێکدایە، لەدواى سەرهەڵدانى قەیرانى دارایى پرۆسەى خوێتدن لە هەرێمى کوردستان ساڵانە وەک پێویست نەبوە و بەهۆى پێنەدانى شایستە دارایایاکانیان لە وادەى دیاریکراوى خۆیدا و جێبەجینەکردنى داواکارى مامۆستایان و فەرمانبەران لە
بەیایکۆتى هۆڵەکانى خویندنیان کردوە و بەردەواتم بوون لە گردبونەوە و خۆپیشاندان..
