بەرپرسێکی ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان داوای دەستێوەردانی لایەنە نێودەوڵەتییەکان کرد بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو ژێرخانو دامەزراوە گرنگانەی لە10 ڕۆژى ڕابردودا بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە وێرانبون.
ئەکرەم سلێمان هاوسەرۆکی فەرمانگەی وزەی ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان بەپێگەی نۆرس پرێسی نزیک لەئیدارەی خۆسەری وتوه، "ئەو ژێرخانە ئابورییەی کە لەئەنجامی هێرشەکانی تورکیادا لەناوچون، ناتوانرێت پارێزگاریان لێبکرێت".
دهشڵێت، "بەوپێیەی تواناکانی بەردەستیان بۆ بەگەڕخستنەوەیان زۆر سادەن، بۆیه جەخت لەدەستێوەردانی خێرای نێودەوڵەتیی دهكهینهوه بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەم دامەزراوانەو گەڕاندنەوەیان بۆ خزمەتى هاوڵاتیان".
بەوتەی ئەو بەرپرسەی ڕۆژئاوای کوردستان، ماوەی کاتیی دوبارە بەگەڕخستنەوەی ئەو دامەزراوە خزمەتگوزارییانە "نادیارە"، ئاماژەی بەوەشکردوە، خەرجی نۆژەنکردنەوەیان بەملیۆنان دۆلار مەزەندە دەکرێت.
لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا تورکیا چەندینجار تاکە دامەزراوە بەناوی وێستگەی سویدیان لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا کردە ئامانج، کە بەدامەزراوەیەکی ژیارییو ستراتیژیی دادەنرێت بۆ دابینکردنی وزە بۆ هەموو ئەو هێڵە خزمەتگوزارییانەی کە ڕاستەوخۆ سەر بەدانیشتوانن، لەوانە عامودا، حەسەکە، قامیشلۆ، تربەسپیو ڕمێلان.
ئەو بەرپرسەی فەرمانگەی وزە لەبەیاننامەکەیدا ڕونیکردۆتەوە، هەوڵدەدەن بۆ دەستەبەرکردنی وزەی کارەبا بۆ هەموو دامەزراوە گرنگەکان، لەوانەش بیری ئاو، فڕنە گشتییەکانو نەخۆشخانەکان، بەتایبەتیی لەوشارانەی کە ڕاستەوخۆ کراونەتە ئامانج.
سلێمان ئاماژەی بەوەکردوە، پێش هێرشەکانی تورکیا، دۆخی کارەبا لەڕۆژئاوای کوردستان تاڕاددەیەک سەقامگیربوو، بەڵام ئێستا هەرێمەکە بەهۆی ئەو زیانانەی بەر دامەزراوەکانی بواری وزەی کەوتون، بەخراپترین دۆخی تەکنیکی کارەبادا تێدەپەڕێت.
لهلایهكى دیكهشهوه كهنداڵ جودى پهیامنێرى شارپرێس لهڕۆژئاواى كوردستان ئاشكرایكرد، "ئهمڕۆ ئیدارەی خۆسەری باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاواى كوردستان) بهفهرمى ههڵوێستى خۆى لهبارهى توركیاو هێرشهكانى ئهو وڵاته بۆسهر ئهو بهشهى كوردستان ئاشكرادهكات".
