بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە دوای 17ـی ئەم مانگەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دەکرێت و پێشبینیش دەکرێت لە ماوەی 10 رۆژی داهاتوودا، قۆناغی یەکەمی بڕی دووەمی 700 ملیار دینارەکە بگاتە هەرێمی کوردستان و دوای ئەوەش ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان میکانیزمی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دیاریدەکات و وەزارەتی داراییش لیستی دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکان بڵاودەکاتەوە.
پێشتر هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی یەکشەممە (8ـی تشرینی یەکەمی 2023)، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، بری دووەمی 700 ملیارەکە لە 20 بۆ 25ـی ئەم مانگە لەلایەن بەغداوە دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و لەگەڵ گەیشتنی ئامادەکارییەکانی دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت دەستپێدەکات.
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی گوتیشی، "بەرچاوروونیمان هەیە مووچەی دوو مانگی داهاتوو کەی دابەشدەکرێت و لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی کۆتایی ئەم ساڵ کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ئینفاقی فعلی جیابکرێتەوە و هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیکەی عێراق لەکاتی خۆیدا مووچە وەربگرن"
