دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان بەردەوامییان هەیە و شەوی رابردوو لە رێگەی فڕۆکەکانییەوە حەوت پێگەی جیاوازی بۆردوومانکرد.
بەپێی هەواڵەکانی ئاژانسی هاوار نیوز، شەوی رابردوو سوپای تورکیا درێژەی بە هێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان داوە و لە سنووری دەوروبەری عەفرین و شەهبا و تلتەمر حەوت ناوچەی بۆردوومانکردوە.
سەبارەت بە زیانەکانی هێرشەکە تائێستا هیچ زانییارییەک لەبەردەستدا نییە و میدیاکانی رۆژئاوا ئاماژەیان بە زیانە گیانییەکان نەکردووە.
شوێنە بۆردوومانکراوەکان ئەمانەن:
هەردوو گوندی ئەقبییە و زیارە لە سنووری ناحیەی شێراوای سەر بە شاری عەفرین
بنکەیەکی سەربازیی حکومەتی دیمەشق لە سنووری گوندی مەزن لە ناحیەی شێراوای سەر بە شاری عەفرین
گوندی زێوان و کفر عتون و شێخ عیسا لە ناوچەی شەهبا
گوندی دردارە لە ناحیەی تلتەمر
بۆردوومانکردنی ئەو ناوچانە هاوکاتە لەگەڵ درێژەدان بە هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان لەلایەن سوپای تورکیا و میلیشیا چەکدارەکانی سە بەو سوپایە کە لە رۆژئاوای کوردستان و سوریا چالاکیی ئەنجامدەدەن.
لە پێنجی ئەم مانگەوە سوپاى تورکیا هێرشێکى بەرفراوانى بۆسەر ژێرخانى ئابورى و ئیدارى رۆژئاواى کوردستان دەستپێکردووە، بەو هۆیەوە چەندین هاوڵاتی مەدەنی شەهید و بریندار بوون، هاوکات چەندین ناوەندی خزمەتگوزاریی و وزە و سەرچاوەکانی ژیان و شوێنی نیشتەجێبوونیان لە ڕۆژئاوای کوردستان خاپور بوون.
